حەوت ساڵە تۆمەتبارانی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی لە سلێمانین و نایەنە دادگا

ماوەی حەوت ساڵە دوو لە تۆمەتبارانی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە ناو هێزەكانی ٧٠ی سەر بە یەكێتیدان و ئامادە نین بێنە بەردەم دادگا، هاوكات ئەو هێزە وەڵامی نووسراوی دادگای سلێمانیش ناداتەوە. 

ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی ئاب/ئۆگستسی ٢٠١١، ئاسۆس هەردی سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی "ئاوێنە" و بەڕێوەبەری پێشووی ڕێپێدراوی‌ كۆمپانیای ئاوێنە، لە كاتی جێهێشتنی شوێنی كارەكەی، لەلایەن چەند كەسێكەوە پەلامار درا و بە كلكە دەمانچە سەری بریندار كرا‌، دواتر بە زیاتر لە ٣٠ تەقەڵ دوورایەوە، لەو ساڵەوە تا ئێستە تۆمەتبارانی كەیسەكەی ئاسۆس سەرەڕای ناسراوییان و مانەوەیان لە كوردستان، ئامادەی چوونە بەردەم دادگا نین و هێزەكانی ٧٠ بۆ ڕادەستكردنیان وەڵامی دادگای سلێمانی نادەنەوە.

ئاسۆس هەردی نووسەر و ڕۆژنامەنووس بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، كەیسەكە وەك خۆی ماوە، حەوت ساڵە و دوای هەشت دانیشتنی دادگا، هێشتا نەك بڕیار نەدراوە، بەڵكو تا ئێستە تۆمەتبارەكان ئامادەی دانیشتنەكانی دادگایش نابن.

ئاماژەی دا، "من لەبەرئەوەی لایەنم لە كەیسەكەدا باسی وردەكارییەكە ناكەم، باشترە لەگەڵ پارێزەرەكەم قسە بكەن."

لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە ئەوانەی هێرشیان كردووەتە سەر ئاسۆس هەردی، سەربە هێزەكانی ٧٠ی یەكێتین، یەكێكیان پلەی ڕائیدی هەیە و هاوكات هەردووكیان پاسەوان و نزیكی كەسێكی باڵان لەو هێزەدا، بۆیە تا ئێستە دادگا نەیتوانیوە ئەو كەسانە ڕاپێچی دانیشتنەكان بكات.

كارزان فازڵ پارێزەری دۆسیەی ئاسۆس هەردی بە"وشە"ـی گوت، "بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو هەشتەم دانیشتنی دادگا بە ئامادەبوونی دوو تۆمەتباری سەرەكی هێرشكردنەكەی سەر ئاسۆس هەردی كە ڕائید و پێشمەرگەیەكی سەر بە یەكەی 70ن بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی دوو تۆمەتبارەكەوە دانیشتنەكە جارێكی تر دوا خرا."

ئەوەیشی روون كردەوە، "تا ئێستە نەتوانراوە ئەو كەسانەی هێرشیان كردە سەر ئاسۆس هەردی بگیرێن، بەداخەوە ئەگەر یاسا جێبەجێ بكرایە، دەبوو ئەو كەیسە زۆر دەمێك بووایە یەكلا بكرایەتەوە، چونكە تۆمەتباران و بەڵگەكان ئاشكران، بەڵام یاسا و دادگا توانای ڕاپێچكردنی ئەوانی نییە."

كاتێك هێرش كرایە سەر ئاسۆس هەردی، ئەو سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاوێنە بوو. لەبارەی چارەنووسی ئەو دۆسیەیە، پارێزەرەكە گوتی، "ئەوە حەوت ساڵ ڕۆیشتووە و هێشتا تۆمەتباران نەهێنراون، ئەوەش پێوەندی بە جێبەجێنەكردنی یاساوە هەیە."

ئاماژەی بەوەش دا، دادگا ناتوانێ بە غیابیش مامەڵە لەگەڵ كەیسەكە بكات، چونكە ئەوان هەر ئامادە نەبوون بێنە بەردەم دادگا تا ئیش لە كەیسەكەدا بكرێت، لەلایەكی تریشەوە ئەوان لە كوردستانن و ئێرەیان بەجێ نەهێشتووە تا دادگا بڕیارێكی تر بدات.

لە هەرێمی كوردستان هێز و لایەنە سیاسییەكان دەتوانن داڵدەی تۆمەتباران بدەن و ئەوەش بە یەكێك لە كۆسپە رژدەكانی بەردەم دادگاكان سەیر دەكرێت.

سەرچاوەیەك لە دادگای سلێمانی بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی شەشەمی ئەو دۆسیەیە، دادگای سلێمانی نووسراوی بۆ هێزەكانی ٧٠ی سەر بە یەكێتی كردووە كە ئەو دوو تۆمەتبارە ئامادەی دانیشتنی دادگا بن، بەڵام تا ئێستە نەك ئەوان ئامادە نەكراون، بەڵكو ئەو هێزە وەڵامی نووسراوەكەی دادگایشیان نەداوەتەوە.

زیاتر گوتی، "پۆلیسی سلێمانی نووسراوی داوەتە دادگا كە ئەوان ئەو كەسانەیان پێ ناگیرێ، دادگاش هەر دەتوانێ ئەو نووسراوە بۆ هێزەكانی ٧٠ بكات، چونكە ئەوان لەناو هێزێكی گەورەدان و پاڵپشتییان هەیە، بۆیە هێنانیان ئاسان نییە."

"وشە" هەوڵی زۆری دا هەریەك لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی ٧٠ یان بەرپرسی ڕاگەیاندنی ئەو هێزە بدوێنێت، بەڵام ئامادەی لێدوان نەبوون لەوبارەیەوە.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال





وشە - تایبه‌ت


AM:08:05:22/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌