بۆ دووەم هەفتەی لە دوای یەك نرخی نەوت بەرز بووەوە

:: AM:09:02:22/09/2018 ‌

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسەی نەوت كۆتایی پێ هات و سەرەڕای ئەو هەوراز و نشێوەی لە رۆژانی هەفتەكەدا بۆ سەر نرخی نەوت تۆمار كرا، دواجار لە كۆی هەفتەكە نرخی نەوت هەڵكشا.

سەرەتای هەفتەكە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 78 دۆلار و لە كۆتایی هەفتەشدا نرخەكە بە 78 دۆلار و67 سەنت داخرا.

هەڵبەت هەر لەم هەفتەیەدا نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار مانگی رابردوو تۆمار كرد. دوێنێ هەینی نرخی نەوت گەیشتە 80 دۆلار و 10 سەنت، بەڵام دواتر رووی لە دابەزین كردەوە و بە 78 دۆلار و 67 سەنت داخرا.

بەگوێرەی dailyfx نەوتی ئەمەریكیش لە 70 دۆلار و 22 سەنتەوە هەڵكشا بۆ 70 دۆلار و 69 سەنت.

هەفتەی پێشتریش نرخی نەوت بە بڕی یەك دۆلار هەڵكشابوو. تا زیاتر لە مانگی تشرینی دووەم نزیك دەكەوێنەوە نرخی نەوتیش زیاتر كاریگەریی وەردەگرێت. 

چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمەریكا رێ نەدات نەوتی ئێران بفرۆشرێت، ئەوا نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان