لە کاتی نمایشی سەربازی هێرش كرایە سەر هێزەكانی ئێران

:: AM:09:41:22/09/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە ئەهواز كە پارێزگایەكی عەرەبنشینە و كەوتووەتە باشووری رۆژئاوای ئێران، لە كاتی بەڕێوەچوونی نمایشی سەربازی دەستڕێژی فیشەك كراوەتە سەر هێزەكانی ئێران و بە هۆیەوە چەندان كەس كوژراون.

ئێران لە ساڵوەگەڕی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق ساڵانە لە سەرەتای دەستپێكردنی پاییز هەفتەیەكی بە هەفتەی "بەرگریی پیرۆز" ناساندووە و لە شارەكان نمایشی سەربازی بەڕێوە دەبات و توانا سەربازییەكانی خۆی تاقی دەكاتەوە.

ئاژانسی "ئیسنا" باسی لەوە كردووە كە چەند كەسێكی چەكدار لە كاتی نمایشی سەربازی دەستڕێژی فیشەكیان كردووەتە سەر هێزەكان و بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراون و ژمارەیەكی تر بریندار بوون.

هێرشەكە لە پشتەوەی ئەو شوێنە تایبەتییەوە ئەنجام دراوە كە بۆ بەرپرسانی سەربازی تەرخان كراوە و شوێنی هێرشەكەش لە ناوچەی لەشكری 92ی زرێهی بووە.

جێی باسە ماوە زیاتر لە ساڵێكە لە پارێزگای خووزستان چالاكی سەربازی لە دژی سوپای پاسداران و هیزەكانی تری ئێران ئەنجام دەدری و لەو ماوەیەدا چەندان هێرشی سەربازی كراونەتە سەر هێزەكانی ئێران.

هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئەمڕۆی لە ئەستۆ نەگرتووە و میدیاكانی ئێرانیش زانیاریی وردیان لەبارەوە بڵاو نەكردووەتەوە و تەنیا بە هێرشێكی تیرۆریستی ناویان بردووە.



وشە - سلێمان تاشان