بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست، كەمبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا و دابەش نەكردنی سووتەمەنی، هاووڵاتییانی سلێمانی بە ناچاری روو لە گەرماوەكانی شارەكە دەكەن، بە پێچەوانەی ساردی ناو ماڵەكان، نەبوونی كارەبا و سووتەمەنی، گەرماوەكانی سلێمانیی گەرم كردووەتەوە.
زستانی ساڵی ڕابردوو، ئەگەرچی كارەباش نەبووبێت، بەڵام كێشەی ئاو نەبوو، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ نەبوونی كارەبا، كێشەی ئاو بەهۆی كێشە لە هێڵی گواستنەوەی ئاوی دووكان-سلێمانی دروستبووە و هاووڵاتییانی شارەكە بێبەشبوون لە دوو خزمەتگوزاریی گرنگی ڕۆژانە.
ئێستە بەهۆی نەبوونی ئاو و كارەبا، هاووڵاتییانبە ناچاری بۆ خۆ پاككردنەوە و خۆشووشتن پەنا بۆ حەمامەكانی ناوبازاڕ دەبەن و لەوێ خۆیان دەشۆن، هاوڵاتییەكیش دەڵێت، ماوەی سێ هەفتەیە بەردەوام لە حەمامەكان خۆیان دەشۆن.
ئەكبەر عەلی، گەنجێكی سلێمانی دەڵێت، "ماوەی دوو هەفتەیە ئاوی خواردنمان بۆ نەهاتووە، كێشەی كارەبا هەیە، تووشی دۆخی ناخۆش و ناهەموار بووین، بۆیە ناچارین بۆ خۆشووشتن پەنا بۆ حەمامی دەرەوە ببەین".
ئەگەرچی مێژووی حەمامەكانی سلێمانی زۆر كۆنە، بەڵام چەندان ساڵە بەو شێوەیە بازاڕیان گەرم نەبووە، ئەمساڵساردی ماڵەكان بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و كارەبا و بەتاڵی تانكی سەربانەكانیان بەهۆی نەهاتنی ئاوەوە، گەرماوەكانی گەرم كردووەتەوە.
عەلی دەڵێ، "هەرچەندە زستانیش بێت و هەوا سارد بێت، بەڵام دوو ڕۆژ جارێك پێویستیت بە خۆشووشتن دەبێت، بەڵام كە ئاو نەبوو، كارەباش نەبوو، ناچاریت بچیتە دەرەوە بۆ خۆشووشتن، ئەوە حاڵ نییە ئێمە تێیكەوتووین، كارەبا هەیە، ئاو نییە، كاتێك ئاو هەیە، كارەبا نییە".
یەكێك لە خاوەن حەمامەكانی بازاڕی سلێمانی دەڵێت، پێش هاتنی سەرما، ئەوانەی كە دەهاتنە گەرماو بۆ خۆشووشتن چەند كەسێك بوون، ڕۆژ هەبووە كەمتر لە 10 كەس هاتوونەتە گەرماوەكە، ئەویش زۆر بەكەمی بووە، بەڵام ئێستە ڕۆژانە سەردانكەرێكی زۆریان هەیە و بازاڕ بووژاوەتەوە، لە سایەی نەبوونی ئاو و كارەبا و سووتەمەنی.
محەمەد مەحموود، خاوەنی گەرماوی سەرچنار لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە هاووڵاتییەكی زۆر ڕوودەكەنە گەرماوەكەیان بۆ خۆشووشتن، ئەویش بەهۆی نەبوونی كارەبا و سووتەمەنی و ئاو، كاتێك هاووڵاتی بێبەش بێت لەو سێ خزمەتگوزارییە، "گەرماوەكەمان جمەی دێت و خەڵكێكی زۆر ڕوومان تێدەكەن".
ئەو دەڵێ، "ئەوانەی كە دێنە ئێرە خەڵكی شارەكەن، پیاو و گەنج، زۆر بەكەمی كرێكارێك دێت، كەسی وا هەیە هەموو ڕۆژێك دێت و بووەتە موشتەری خۆمان، ئێمەش پرسیار لەوانە دەكەین و پێمان دەڵێن، كە ئەگەر گەرماو نەبووایە،هیچ شوێنی تر نەبوو پەنای بۆ ببەن".
نرخی خۆشووشتنی گەرما پێنج هەزار دینارە و هاووڵاتییان دەڵێن، خزمەتگوزاری گەرماوەكان باشە، بەڵام هەندێكیان لەو دۆخەكەدا پێنج هەزار بە زۆر دەزانن، كەسێك كە هەموو ڕۆژێك دەچێتە ئەو گەرماوە دەڵێ، ئەگەر ئاو و كارەبا نەبوو، ناچارین پەنا بۆ ئێرە ببەین.
ئاوات حەسەن یەكێكە لەوانەی كە ماوەی زیاتر لە 20 ڕۆژە بەردەوام دەچێتە حەمام و خۆی دەشوات و دواتر دەچێتەوە بۆ ماڵەوە. ئەو بۆ "وشە" گوتی، "كارەبا و ئاو و سووتەمەنی بەپێی پێویست نییە، لە لایەكی تریشەوە زیان لە هاووڵاتییان دەدات، چونكە بۆ خۆشووشتن ڕۆژانە دەبێت پێنج هەزار بدەین".
سەلام محەمەد كە پێشتر دانیشتووی وڵاتی سوید بووە و ئەم ماوەیە هاتووەتەوە بۆ سلێمانی، دەڵێ، "كاتێك دەبینی خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست نین و ڕۆژانەش پێویستت بە خۆشووشتن هەیە، ناچار دەبێت پەنا ببەیتە بەر گەرماوەكانی دەرەوە".
خاوەنی گەرماوەكە زیاتر ئاماژە بەوە دەدات،"تا پێش سێ هەفتە، خەڵك زۆر بەكەمی دەهاتن، ڕۆژی وا هەبووە تەنیا دەرگەی گەرماوەكەمان دەكردەوە، بەڵام ئێستە بە چوار كەسەوە فریای بەڕێكردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی پێویستییەكانی ناو گەرماو ناكەوین".
"دوای تێكچوونی ڕەوشی كارەبا و نەبوونی سووتەمەنی لەم وەرزی سەرمایە، ڕۆژانە سەرووی 70 كەس ڕوودەكەنە گەرماوەكەمان و جاری وا هەیە بۆ 100 كەسیش زیاتر دێنە ئێرە، ڕۆژ هەیە فریای هەموو ئەو خەڵكە ناكەوین، دەبێت ئەوەی دێت چاوەڕێ بكات تا گەرماوەكە چۆڵ بێت"، خاوەن گەرماوەكە وای گوت.
سلێمانی-هۆشیار عەلی