ئەمڕۆ شەموو لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی پێنجەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا چەند یارییەك بەڕێوەدەچن و لە یارییەكیشدا یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و جەماوەری رووبەڕووی یانەی ئیسپانیۆل دەبێتەوە.
یارییەكە سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەدەچێت.
یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەدا تەنیا بە ئامانجی سەركەوتن دێتە ناو یاریگە بۆ قەربووكردنەوەی ئەنجامی یارییەكەی هەفتەی رابردووی خولی ئیسپانیا كە تێیدا بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بیلباو یەكسان ببوو.
یانەی شاهانە هەوڵ دەدات جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری زیاتر نەكات كە ئێستا بە كۆكردنەوەی 12 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكاندایە و ئەویش بە 10 خاڵ لە ریزی دووەمە.
یانەكە چوارشەمی رابردوو لە یەكەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی خۆی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام شكستی بە یانەی رۆمای ئیتاڵی هێنابوو.
یانەی ئیسپانیۆلیش لە چوار یاریی رابردووی لە خولی ئیسپانیا ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە و ئێستا بەكۆكردنەوەی 7 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان دێت، لەم یارییەی ئەمڕۆشدا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بەلایەنی كەم هەوڵ دەدات بە یەكسانبوون كۆتایی پێ بێنێ تا لەسەركەوتنە سەرەتاكانی لە خولی ئیسپانیا دانەبڕێ.
بەگوێرەی رۆژنامەكانی ئیسپانیا پێشبینی دەكرێ یانەی ریال مەدرید لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بە پێكهاتەی تەواوی ئەستێرەكان یاری بكات بەمشێوەی خوارەوە:-
گۆڵپارێز: تیبۆ كۆرتوا
بەرگری: مارسێلۆ، سێرجیۆ رامۆس، رافایێل ڤاران و دانی كارڤاخال
ناوەڕاست: تۆنی كڕووس، كاسیمێرۆ و لوكا مۆدریچ
هێرشبەر: ئیسكۆ، كەریم بەنزیما و گاریس بێڵ
یارییەكانی تری ئەمڕٍۆ شەمووی خولی ئیسپانیا بەمشێوەی خوارەوە دەبێت:-
سەعات 2ی دوای نیوەڕۆ / رایۆ ڤالیكانۆ – ئەلاڤێس
سەعات 5:15ی ئێوارە / سێلتا فیگۆ – بەلەد وەلید
سەعات 5:15ی ئێوارە / ئیبار – لیگانیس
سەعات 7:30ی شەو / خیتافی – ئەتلەتیكۆ مەدرید