وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێك بۆ پرۆسەی دەنگدان لە ڕۆژی 30 ئەیلوول دەركرد و دووپاتی كردەوە، هەر ئەفسەرێك زۆر لە هەر كارمەندێكی ناوخۆ بكات بۆ دەنگدان بە كاندیدێك سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ شەموو 22ـی ئەیلوول، بەپێی نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە واژووی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی لەسەرە، ئاراستەی سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت كراوە و تیشك خراوەتە سەر پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول.
لە نووسراوەدا ئاشكرای كراوە لە پرۆسەی دەنگدان پێویستە ئەفسەران و كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ لە هەر پلە و پایەك بن، نابێ بەهیچ شێوەیەك گوشار بخەنە سەر كارمەندان بۆ دەنگدان بە كاندیدێكی دیاریكراو.
ئاماژە دراوە، هەر گوشارێك هەبێ و لەهەر پلەیەك بێت، ئەوا ئەو كەسە تووشی سزای توندی لێپرسینەوە دەبێت بەپێی یاسا كارپێكراوەكان.
ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.