جگە لە پۆگبا.. بەرشەلۆنە ئەستێرەیەكی تریشی مانچستەر یونایتدی دەوێ

:: AM:11:28:22/09/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی جگە لە پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی، بڕیاریداوە كار بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەیەكی تریشی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بكات.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ناوی ئەو ئەستێرەیەی ئاشكرا كرد كە یانەی بەرشەلۆنە چاوی خستۆتەسەری ئەویش ئەندرێر هێرێرای ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانییە.

هێرێرا كۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد كۆتایی دێت و یانەی بەرشەلۆنەش كار لەسەر ئەوە دەكات لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو لەگەڵی رێك بكەوێ بۆ ئەوەی لە كۆتایی وەرز بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر بیباتە ریزی تیپەكەیەوە.

یانەكە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێك هەوڵی گرێبەستكردنی لەگەڵ ئەو ئەستێرە تەمەن 29 ساڵییە دابوو، بەڵام بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد رەتیان كردبووەوە دەستبەرداری بن.

رۆژنامەكە ئاشكرای كرد كە هێرێرا خۆی ئارەزووی مانەوە زیاتر لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد دەكات، بەڵام ئێستا هەست بە دوودڵی دەكات بەتایبەت كە بەرپرسانی یانەكە تا ئێستا هەوڵیان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ نەناوە.

هێرێرا لە ماوەی رابردوودا كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد كردبوو و داوای لێ كردبوون گرێبەستەكەی بۆ ماوەی 2 ساڵ نوێ بكەنەوە، بەڵام یانەكە داواكارییەكەی رەت كردبووەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م