وێنە و ڤیدیۆ.. لە هێرشەكەی ئەهواز 11 كەس كوژران و 60ی تر بریندارن

:: PM:12:08:22/09/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە ئەهواز كە پارێزگایەكی عەرەبنشینە و كەوتووەتە باشووری رۆژئاوای ئێران، لە كاتی بەڕێوەچوونی نمایشی سەربازی دەستڕێژی فیشەك كراوەتە سەر هێزەكانی ئێران و بە هۆیەوە چەندان كەس كوژراون. كۆمەڵێك وێنەی رووداوەكە بڵاو كراونەتەوە كە دەرخەری ئەو راستییەن هێرشەكە بە تەواوی رێوڕەسمەكەی تێكداوە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەكان تا ئێستە 11 كەس كوژراون و 60 كەسی تر بریندار بوون. ئاژانسی "ئیسنا" باسی لەوە كردووە كە چەند كەسێكی چەكدار لە كاتی نمایشی سەربازی دەستڕێژی فیشەكیان كردووەتە سەر هێزەكان.

ئێران لە ساڵوەگەڕی شەڕی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق ساڵانە لە سەرەتای دەستپێكردنی پاییز هەفتەیەكی بە هەفتەی "بەرگریی پیرۆز" ناساندووە و لە شارەكان نمایشی سەربازی بەڕێوە دەبات و توانا سەربازییەكانی خۆی تاقی دەكاتەوە.

هێرشەكە لە پشتەوەی ئەو شوێنە تایبەتییەوە ئەنجام دراوە كە بۆ بەرپرسانی سەربازی تەرخان كراوە و شوێنی هێرشەكەش لە ناوچەی لەشكری 92ی زرێهی بووە.

جێی باسە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە لە پارێزگای خووزستان چالاكی سەربازی لە دژی سوپای پاسداران و هیزەكانی تری ئێران ئەنجام دەدری و لەو ماوەیەدا چەندان هێرشی سەربازی كراونەتە سەر هێزەكانی ئێران.

هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ئەمڕۆی لە ئەستۆ نەگرتووە و سوپای پاسدارانیش گرووپێك بە ناوی "ئەحوازیە"ی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كردووە.

كۆمەڵیك وێنەی رووداوەكە لە میدیاكانی ئێران بڵاو كراونەتەوە كە دەری دەخەن هێرشەكە ترسناك بووە و بە تەواوی نمایشە سەربازییەكەی شێواندووە.































وشە - سلێمان تاشان