خاڵێكی گومرگی لە نێوان كەركووك و سلێمانی دانرا

:: PM:01:03:22/09/2018 ‌
بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی خاڵێكی گومرگی لە نێوان سلێمانی و كەركووك دانرا و یاریدەدەرێكی پارێزگاری كەركووك گوتی، كردنەوەی ئەو گومرگە بۆ ڕێگرییە لە كاڵانی بیانی و بەرزكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی ئەیلوول، لەسەر ڕێی نێوان سلێمانی- كەركووك خاڵی گومرگی بەفەرمانی حەیدەر عەبادی كرایەوە، عەلی حومادی یاریدەدەری پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، كردنەوەی ئەو خاڵە گومرگییە بەمەبەستی پارێزگاریكردن لە كاڵای ناوخۆیییە و ڕێگری لە هێنانی كاڵای بیانییە بە خستنەسەری باج.

حەموودی گوتی، پێشتر ئەو خاڵە گومرگییە لە سنووری نێوان شەرگات و كەركووك بوو، ئێستە گواستوومانەتەوە ئەو شوێنە، ئەوەش دوای ئازادكردنی ناوچەكە لە دەست داعش.

هاوكات دلێر قاسم  بەرپرسی ئابووری ئەو خاڵە گومرگییە گوتی، ئەو باجەی دەخرێتە سەر كاڵاكان دابەش دەكرێت بۆ سەر سێ‌ بەش.

بەرپرسی ئابووری ئاماژەی دا، داهاتەكە %1 بۆ شاری كەركووك دەبێت و %1 بۆ گومرگەكە دەبێت و %4ی بۆ حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە.



وشە - رامیار جەواد