كاسبكارەكەی سلێمانی: ژیانم لە مەترسیدایە و مافیاكە وازم لێ ناهێنێت

:: PM:03:30:22/09/2018 ‌
ئەو كاسبكارەی سلێمانی كە لە نانەوایەك كار دەكات و لەلایەن مافیایەكی سلێمانی لێی درا و سووكایەتی پێ كرا، هێما بۆ ئەوە دەكات، ئەو كەسە خەڵكی تریشی هەیە و ئیشی بۆ دەكەن، بۆیە ئەگەر ئەویش گیرا بێ، هەر ژیانی خۆم و منداڵەكانم لە مەترسیدایە و داوا لە هێزەكانی تەناهی و لایەنە پێوەندارەكان دەكەم بە هانامەوە بێن.

هونەر عەلی ئەو كاسبكارەی خەریكی نانەواییە و لەلایەن مافیاكەی سلێمانی هێرشی كرایە سەر و بە كلكە دەمانچە لێی درا و سووكایەتی و جنێوی پێ درا بۆ "وشە" گوتی، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆكەی ئەو مافیا كە دەستدرێژی كردە سەر كەسایەتیم و هەڕەشەی لێ كردم و قسەی نەشیاوی بە خۆم و كەسوكارەكەم گوت، ئێستە هەرچەندە پۆلیس دووپات لەوە دەكاتەوە كە گرتوویانە، بەڵام ژیانی من و خێزانەكەم هەر لە مەترسیدایە، چونكە ئەو دار و دەستەی هەیە و پیاوی تر هەن ئیشی بۆ دەكەن، ترسی زۆرم هەیە ئەوان بێنە دەنگ و كێشەم بۆ دروست بكەن.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو كەسەی هێرشی كردە سەرم پێشتر پێی ڕاگەیاند، كە خاوەنی 11 برایە و بەرپرسی باڵا لە پشتیەوەن و داكۆكی لێ دەكەن، بۆیە ژیانی خۆم و خێزانەكەم ئێستە لە مەترسیدایە و دەترسم دوای گرتنی ئەو كەسە، برا و ئەو پیاوانەی ئیش بۆ ئەو مافیایە دەكەن، هەڵبكوتنە سەرم و گرفتی گەورەترم بۆ دروست بكەن.

ئەو كاسبكارە زیاتر دواو گوتی، لێرە ئاسوودە نیم، دڵنیام ئەو كەسە بیەوێ بە كەسانی تری سەر بە خۆی دەتوانێ كێشەم بۆ دروست بكات و دووبارە سووكایەتیم پێ دەكەن و گیانی ماڵ و منداڵ و كەسوكارم لە ژێر هەڕەشەدایە، بۆیە داوا لە لایەنە پێوەندارەكان و هێزەكانی تەناهی دەكەم، بە هانامەوە بێن و ژیانی خۆم و خێزانەكەم بپارێزن، چونكە هەر شتێكم بەسەر بێ، تەنیا سكاڵام لەسەر ئەو كەسە هەیە و كێشەم لەگەڵ هیچ كەسی تر نییە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د