ململانێی مالیكی و عەبادی بەڕەی دەسەڵات لەژێر پێی حزبی دەعوە دەردەهێنێت؟

:: PM:04:14:22/09/2018 ‌
دوای 13 ساڵ لە حوكمڕانی، ململانێی قووڵی نێوان مالیكی و عەبادی بووەتە هەڕەشەی لەتبوونێكی كەمەرشكێن بەسەر حزبی دەعوە و لەدەستچوونی پۆستی سەرۆك وەزیران. كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان بێ ئەنجام بوو، ئەگەرچی هەردوولا كۆكن لەسەر هاوئاهەنگی تا یەكگرتنەوە، بۆ ئەمەش بڕیاری بەستنی كۆنگرەیان داوە.

مالیكی و عەبادی لە نێوان لەتبوونی حزبی دەعوە و بەرژەوەندییەكان
ئەمڕۆ شەموو 22ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، حزبی دەعوە كۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا بە ئامادەبوونی نووری مالیكی ئەمینداری گشتی و حەیدەر عەبادی سەركردە لە حزبی دەعوە، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ.

ئامانجی كۆبوونەوەكە یەكخستنەوەی هەردوو هاوپەیمانی نەسڕ و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بوو كە بوونەتە هەڕەشە بەسەر یەكڕیزی حزبی دەعوە، كە ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و عەبادی ئەو حزبەی گەیاندووەتە لێواری لەتبوون كە هاوكات مەترسی لەژێر پێ دەرهێنانی بەڕەی پۆستی سەرۆك وەزیرانە كە لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستە بەدەست ئەو حزبەیە.

بەپێی بەیاننامەی حزبەكە بێت، ئەوا سەركردایەتی حزب و ئەنجوومەنی شووڕا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستەی عێراق و پرۆسەی سیاسی و رۆڵی حزبی دەعوە لە پێشوەچوونەكان كراوە.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، بەشدارانی كۆبوونەوەكە كۆك بوون لەسەر تێپەڕاندنی ناكۆكی بیروڕا لەناو ریزەكانی حزب بەمەستی بەهێزكردنی هەڵوێستی سیاسی حزب لە رێی یەكخستنی روانگە و بەرنامەی هەردوو لیستەكە وەك هەنگاوێك بۆ یەكخستنی لیستەكانی تری كە بەرنامە و ئامانجیان لە حزبی دەعوە نزیكە.

حزبی دەعوە هێما بۆ ئەوەش دەكات كە مانەوەی هەردوو لیستەكە "نەسڕ و دەوڵەتی یاسا" بەمجۆرەی ئێستە هەیە، ئەوا هیچ كامێكیان ناتوانێ ئامانجەكانی جێبەجێ بكات، بۆیە هەردوولا كۆك بوون بۆ دانانی رێوشوێنی یەكگرتنەوە لە رێگەی كۆنگرەیەكی گشتی بۆ حزبی دەعوەی ئیسلامی لە زووترین كات

جێی باسە هەوڵەكانی حزبی دەعوە لە كاتێكدایە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن سەرۆك وەزیرانی داهاتوو كە سەدر و عامری بڕیاری لەسەر دەدەن، لە حزبی دەعوە نابێت، بەمەش لە دوای 2005ەوە بۆ یەكەمین جار دەبێت كە حزبی دەعوە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن كە خۆی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی دەبینێتەوە دوور دەخرێتەوە، دوای ئەوەی ئیبراهیم جەعفەری ساڵی 2005 كرایە سەرۆك وەزیران، پاش دوورخستنەوەی لە ساڵی 2006، نووری مالیكی جێی گرتەوە و لە هەڵبژاردنی 2009 دووبارە كرایەوە سەرۆك وەزیران و لە هەڵبژاردنی 2014، كورد و سوننە دژی وەستانەوە و دووریان خستەوە، پۆستەكە درا بە حەیدەر عەبادی سەركردە لە حزبی دەعوە.

بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان مالیكی و عەبادی لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران، هەردوولا بە دوو لیستی جیاواز بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد، هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی 42 كورسی هێنا لە پلەی سێیەم هات، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی مالیكی 26 كورسی هێنا لە پلەی پێنجەم هات.

مێژووی دامەزراندنی و چوونە دەرەوەی سەدر
ساڵی 1957، حزبی دەعوە لەلایەن كۆمەڵە گەنجێكی ئیسلامی حەوزەی مەرجەعیەتی شیعە لە نەجەف، بڕیاری دروستكردنی درا كەدیارترینیان سەید مەهدی و سەید باقر ئەلحەكیمی برای، تالیب روفاعی، محەمەد باقر سەدر، مورتەزا عەسكەری و محەمەد ساڵح ئەلئەدیب بوون.

ئامانجەكانی بە ئیسلامیكردنی كۆمەڵگە و دامەزراندنی حكوومەتێكی ئیسلامی و بانگەشەكردن بوو بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای شوورا وەك لە قورئاندا هاتووە، لەمەشدا لەگەڵ شیعەی ئێرانی ناكۆك بوون كە ئەوان باوەڕیان بە ولایەتی فیقهی هەیە، هەر ئەو ناكۆكییە پاشخان ئیسلامییە بووە هۆكاری كشانەوەی محەمەد باقڕ سەدر كە لەگەڵ حەوزەی نەجەف كێشەیان لەسەری هەبوو.

حزبی دەعوە، وەك یەكەم رەوتی سیاسی شیعی لە عێراق دەناسرێت كە بە فەرمی ساڵی 1957 مۆڵەتی فەرمی 
حزب دەعوە تا سەرەتای حەفتاكان هیچ چالاكییەكی سیاسی نەبوو، بەڵام دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لە ساڵی 1969 لەلایەن بەعسییەكان، هاوشانی بەهێزبوونی حزبی دەعوە، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەعسییەكان رووی دا و بەهۆیەوە چەندان سەركردەیان لێ كوژران و ئەوەی مایەوە پەرتەوازە بوون، تەنانەت ساڵی 1974 و 75 و 77 سێ رووداوی گەورە لە عێراق روویاندا كە حزب بەعس زۆر بە توندی رووبەڕووی حزبی دەعوە بووەوە.

بەڵام دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، حزبی دەعوە پێوەندی لەگەڵ سەركردەكانی شۆڕشی ئیسلامی دروست كرد، بەڵام كێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ خومەینی لەسەر پرسی شوورا و ولایەی فیقهی بوو، بەڵام ئەوە نەبووە رێگر لەوەی حزبی دەعوە لە شەڕی عێراق و ئێران ساڵی 1980، كە پشتگیری ئێران نەكات دژ بە دەسەڵاتی حزبی بەعس لە عێراق، كە دواتر لە سێدارەدانی محەمەد باقر سەدر و خوشكەكەی لەلایەن سەدام حوسێن بەدوایدا هات.

ساڵی 1981، حزبی دەعوە لە ناوچەی ئەهوار بە پشتگیری ئێران سەربازگەیەكی دامەزراند بۆ لەناوبردنی سەدام حوسێن، لێرەوە تا جەنگی كەنداویش حزبی دەعوە چەندان چالاكی دژ بە رژێمی سەدام حوسێن ئەنجام دا.

لە دوای رووداوەكانی دەیەی حەفتاكانی سەدەی رابردوو، سەركردەكانی حزبی دەعوە عێراقییان جێهێشت و بەشێكیان چوون بۆ ئێران و بەشەكەی تریش بۆ سووریا، پاشان لەوێوە چوون بۆ رۆژئاوا. تا كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە لەندەن، حزبی دەعوە هیچ پێوەندییەكی لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنە عێراقییەكان نەبەست كە نزیكی ئەمەریكا بوون، بەڵام لەو كۆنگرەیەدا بە چڕی بەشداری كرد و بەردەوامیش بوو تا لە رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە نۆی ئایار/ ئەپرێلی 2003، دواتر لە 13ی هەمان مانگ یەكەم نووسینگەی خۆی لە كوفە لە عێراق بە فەرمی كردەوە.

مێژووی لەتبوون لەناو حزبی دەعوە
ئەگەرچی جیابوونەوەی سەدر و حەكیم بەهۆی ناكۆكی دیوە شەرعییەكەی كە ئەوان باوەڕیان بە تیۆری شوورا و هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵات هەبوو، لەگەڵ مەرجەعیەتی نەجەف كە لەگەڵ تێكەڵبوون نەبوون بە دەسەڵات، هەروەها ناكۆكییان لەگەڵ خومەینی لەسەر باوەڕبوونی بە ولایەتی فیقهی كە دەبێت پیاوانی ئاینی سەرپەرشتی دەوڵەت و سیاسەت بكەن، دەكرێت بە یەكەم جیابوونەوە دابنرێت بەڵام لەتبوون نەبوو.

یەكەم لەتبوون لەناو حزبی دەعوە لە ئێران رووی دا كاتێك هاشم مووسەوی ساڵی 1998 حزبی دەعوە رێكخستنی عێراقی دامەزراند و خۆی و كۆمەڵێك كادری باڵای حزبەكە جیا بوونەوە.

دوای ئازادی عێراقیش چەند كەسایەتییەكی تر لە دەعوە جیا بوونەوە، لەوانە عزەدین سەلیم كە بزووتنەوەی دەعوەی ئیسلامی ساڵی 2004 دامەزراند، پاشان هەمان ساڵ تیرۆر كرا، دوای ئەوە حزبی دەعوە رێكخستنی عێراق- ناوەوە لەلایەن عەبدولكەریم عنزی دامەزرا.

لە 2005ەوە بۆ 2014
لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، حزبی دەعوە لەگەڵ هێزە سیاسییە شیعەكان بەیەكەوە بەناوی هاوپەیمانی نیشتمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد و 128 كورسییان بەدەستهێنا. ئیبراهیم جەعفەری گوتەبێژ بەناوی حزبی دەعوە كە باڵاترین پۆستی حزب بوو، لە لایەن هاوپەیمانی نیشتمانی كرایە سەرۆك وەزیرانی یەكەم حكوومەتی هەڵبژێردراو.

دوای ساڵێك بەهۆی ناڕەزایەتی كورد و سوننە، جەعفەری دوور خرایەوە و لە جێی ئەودا نووری مالیكی كرایە سەرۆك وەزیران.

ساڵی 2007، حزبی دەعوە كۆنگرەی بەست و پۆستی ئەمینداری گشتی زیاد كرا، نووری مالیكی بەرانبەر بە ئیبراهیم جەعفەری زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، ئەمەش جەعفەری ناچار كرد حزب بەجێ بهێڵێت و رەوتی ئیسڵاحی دامەزراند.

مالیكی لە خولی دووەمی هەڵبژاردن بە لیستی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەشداری لە هەڵبژاردن كرد، بەڵام نەیتوانی زۆرینە ببات، بەهۆی رووداوە گەورەكە كە خوێندنەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵ بوو لەسەر پرسی پێكهێنانی حكوومەت كە بەلای مالیكیدا شكاندیەوە بەوەی لیستی گەورەی پەرلەمانی بۆی هەیە حكوومەت پێك بهێنێت، جارێكی تر وەك كاندیدی شیعەكان كرایەوە سەرۆك وەزیران.

لە هەڵبژاردنی 2014، كورد و سوننەكان رێگر بوون بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەمەش رێ بۆ عەبادی خۆش بوو كە ئێستە سەرۆك وەزیرانە.

عەبادی بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو، لەگەڵ نووری مالیكی ئەمینداری گشتیی حزب كەوتە ململانێ و ئامادە نەبوو بەیەك لیست لەگەڵیدا دابەزێت، ئەمەش وایكرد بە لیستی هاوپەیمانی نەسڕ بەشداری لە هەڵبژاردن بكات، پاشان هەڵبژاردنیش بەهۆی قووڵی ناكۆكییەكانی نێوانیان هێشتا نەیانتوانیوە هەردوو لیستەكە یەك بگرنەوە و حكوومەت پێكبهێنن كە ئەمەش مەترسی ئەوەی لەسەر حزبی دەعوە دروست كردووە، ململانێیە كەسییەكانی نێوان عەبادی و مالیكی بەرەی پۆستی سەرۆك وەزیران لە ژێر پێی حزبی دەعوە دەربكات. 




وشە - فه‌رمان سادق