ئیبراهیمۆڤیچ: تەنیا یەك ناسناو ماوە بەدەستی بێنم

:: PM:05:13:22/09/2018 ‌

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی كە ئێستا لە خولی تۆپی پێی ئەمەریكا یاری دەكات، ئامانج و شوێنی یاریكردنی داهاتووی ئاشكرا كرد.

ئیبراهیمۆڤیچ لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا ناسناوی خولی ئیسپانیای لەگەڵ یانەكانی بەرشەلۆنە، خولی ئیتاڵیای لەگەڵ یانەكانی میلان و ئینتەر میلان، خولی هۆڵەندای لەگەڵ یانەی ئەیاكس ئەمستەردام و خولی فڕەنسای لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان بەدەستهێنابوو، تەنیا لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد نەیتوانیبوو جامی خولی نایابی ئینگلیزی بباتەوە.

ئیبراهیمۆڤیچ كە ئێستا لە ریزی یانەی لۆس ئەنجلۆس گالاكسی ئەمەریكی یاری دەكات، نەیشاردەوە كە تا ئێستا تەنیا یەك ناسناو ماوە بەدەستی بێنێ بۆیە تا ئەو ناسناوە نەباتەوە واز لە یاریكردن ناهێنێ.

زیاتر گوتی: ئامانجی داهاتووم گەڕانەوەیە بۆ خولی تۆپی پێی سوێد و یاریكردنە لە ریزی یانەكەی پێشووم یانەی مالمۆ.

ئەستێرە سوێدییەكە هەروەها رایگەیاند: لە ژیانی وەرزشیمدا تەنیا یەك ناسناو ماوە بەدەستی بێنم ئەویش خولی سوێدە لەگەڵ یانەی مالمۆ.

جەختیشی كردەوە كە ئەگەر بگەڕێتەوە سوێد تەنیا لە ریزی یانەی مالمۆ یاری دەكاتەوە و بەهیچ شێوەیەك یاریی بۆ هیچ یانەیەكی تر ناكاتەوە تەنانەت یانەی ئایك سۆلناش كە ئێستا لە پێشەنگی یانەكانی خولی سوێدە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م