بۆچی خامنەیی لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا دەترسێت؟

:: PM:06:29:22/09/2018 ‌

دامەزراوەی ئۆرشەلیم بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی باسی ئەگەرەكانی دروستبوونی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان ئەمەریكا ئێران دەكات و هۆكارەكانی ترسی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران لە هەر گفتوۆگۆیەك لەگەڵ ئەمەریكا شی دەكاتەوە. 

لە سەرەتای ئەو وتارەی یووسی منشرووف، توێژەر لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئێران و كەنداو و ئەندامی یەكەی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی حەیفا نووسیویەتی و رۆژنامەی "كەیهان"ی لەندەنی سەر بە ئۆپۆرزسیۆنی ئێران بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت، پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ دیداری حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران بێ هیچ پێشمەرجێك، رەنگدانەوەی خواستی دەزگا جێبەجێكارییەكانی ئەمەریكایە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران، بەهاوتەریب لەگەڵ پاڵەپەستۆ سیاسی و ئابوورییەكان لەدژی ئەو وڵاتە. 

 باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا و جۆن كیری وەزیری دەرەوەی پێیان وابوو كە رێككەوتننی ئەتۆمی ئەگەری رازیبوونی خامنەیی بە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا لەبارەی پرسەكانی تر زیاتر دەكات، لەگەڵ ئەوەیش خامنەیی رێگەی بە دیداری راستەوخۆی ئۆباما و رووحانی نەدا لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە، خامنەیی لە هەڵمەتی رۆشنبیری رۆژئاوایی دەترسێت، جیا لە ترسی لە هەڕەشەی ئەمەریكا بۆ پێكهاتەی كۆماری ئێران، زۆرباسكردنی خامنەیی بۆ بابەتە لە وتارەكانی دواییشی رەنگدانەوەی درككردنیەتی بە قەبارەی هەڕەشەكانی ئەمەریكا و كاریگەریان بۆ سەر وڵاتەكەی.

سەرەڕای سیاسەتەكانی ئۆباما بەرەو ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، بەڵام خامنەیی لە تێوەگلانی ئەمەریكا لە شۆڕشێكی نەرم لە ئێران دەترسا، ئەوە پێی وابوو كە ئەو كولتوورە زەبەلاحەی ئەمەریكا رژێمی ئێران دەڕووخێنێت، راستیەكەیشی بڵاوبوونەوەی رۆشنبیری ئەمەریكا هەڕەشە لە پەیكەری پێكهاتەی كۆماری ئێران و بەرگریكاری دوورودرێژی ئێران لەدژی ئەمەریكا دەكات، بۆیە سووربوونی رژێمی ئێران لەسەر وەسفكردنی ئەمەریكا بە "شەیتانی گەورە"، یەكێكە لە فاكتەرە سەرەكییەكانی ناسنامەی رژێمی ئێرانی.  

لەگەڵ دەركەوتنی یەكەم ئاماژە لەلایەن ترەمپ بۆ دیداری رووحانی، گفتوگۆی زۆر لە نێوان بەرپرسانی رژێمی ئێران دروست بوو، لەوانە خامنەیی و سوپای پاسداران بەتوندی بەرهەڵستی گفتوگۆی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەمەریكا كرد، چونكە ئەو جۆرە گفتوگۆیانە بەرەو دۆڕانی رژێمی كۆماری ئێران دەچن، بەتایبەتی لە سایەی بوونی پاڵەپەستۆیەكی گەورەی ئەمەریكا كە خۆی لە سزاكان بەرجەستە دەكات.

لەلایەكی تر ژمارەیەك لە لایەنگرانی رووحانی خواستی خۆیان بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا پێشان دا، لەو بارەوە ماڵپەڕی "عەسر ئیران"ی نزیك لە حەسەن رووحانی لە وتارێكی ئەرێنی لەبارەی داواكەی ترەمپ بڵاو كردەوە، ئەوەیش لە چوارچێوەی چالاكییەكانی ئەو ماڵپەڕە دێت بۆ زیندووكردنەوەی پێوەندییەكانی تاران-واشنتن و تیایدا ئاماژەی كردووە كە زیندووكردنەوەی پێوەندییەكان مانای رەزامەندی ئێران نییە لەسەر سیاسەتەكانی گشتیی ئەمەریكا.  

لەگەڵ ئەوەیش رووحانی لەژێر پاڵەپەستۆی سیاسییانەی خامنەیی رەتكردنەوەی بانگهێشتنی ئەمەریكای بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ و بێ مەرج رەت كردەوە، لێرەدا پێویست بە ئاماژەكردن بۆ بابەتێك دەكرێت، رەنگە رابەری شۆڕشی ئێران بیەوێت گفتوگۆ بكرێت ئەو كاتەی بەرژەوەندییەكان تێكهەڵكێش دەبن، وەك هاریكاری ئەمەریكا و ئێران لە بارەی عێراقەوە، ئەوەیش سەرەڕای پەرەسەندنی ناكۆكییەكانیان و گفتوگۆكردن لەبارەی دواڕۆژی ئەو وڵاتە، یان وەك ئەوەی لە ئەفغانستان رووی دا یان گفتوگۆكانی 2011  بە میانگیریی سوڵتاننشینی عومان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی تەنگژەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران كە بە واژووكردنی رێككەوتننی ئەتۆمی لە 2015 كۆتایی هات. 

یووسی منشرووف زیاتر دەڵێت، ئەمەریكا هەنگاوێكی گەورەی هاوێشت بە راگەیاندنی ئامادەیی بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ و بێ مەرج لەگەڵ ئێران كە رەنگدانەوەی ئەوەیە نیازی رووخانی رژێمی ئەو وڵاتە یان پەنابردنی بۆ بژارەی سەربازی لە دژیدا نییە، ئەوەیش لە لێدوانەكانی دوایی جیمس ماتیز، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا روونە كە بە پێچەوانەی لێدوانەكانی جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، پێ دەچێت ئەو دەنگانەی لە حكوومەتی ترەمپەوە لە دژی ئێران دەردەچن بە هێوربوون و میانڕەوی جیا دەكرێتەوە بە هیوای شكاندنی دیواری بێمتمانەیی لە نێوان واشنتن و تاران.   

بۆیە لە سۆنگەی گومانی بە ئەمەریكا، ئەگەرێكی دوورە كە خامنەیی رێگە بە دیداری حەسن رووحانی و ترەمپ بدات كە داننانی فەرمیی ئێرانە بە سیاسەتەكانی ئەمەریكا و دەبێتە گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە سیاسەتەكانی كۆماری ئێران، لەو كاتەی ئەمەریكا هیچ رێوشوێنێكی تایبەت لەوبارەوە وەرناگرێت، چونكە ئەگەر ترەمپ سوور بێت لەسەر گفتوگۆكردنێكی گشتی بێ باسكردنی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، ئەو كات رژێمی ئێران ناچار دەبێت بۆ لێكدانەوە و روونكردنەوەی هۆكاری هەڵاتنی لە گفتوگۆكردن، لەو كاتەی گەلی ئێران بەهۆی سزاكانەوە بەسەختی دەناڵێنێت و پێشبینی دەكرێت لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت بەهۆی سوپاندنی سزای زیاتری ئەمەریكا، ئەوەیش لەو كاتەی رژێمی ئێران پاساوی گەورەی بەدەستەوە نییە بۆ رازی نەبوون بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە پێشبینی دەكرێت ناڕەزایەتییەكانی ئێران زیاتر بن، بە هاوشێوەی زیادبوونی توانای ترەمپ بۆ پاڵەپەستۆخستنە سەر رژبَمی ئێران.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل