كێ لە پشتەوەی هێرشەكەی ئەهواز بوو؟

:: PM:08:02:22/09/2018 ‌
لە هێرشێكدا بۆ سەر نمایشێكی هاوبەشی سوپا و پاسداران لە ئەهواز، زیاتر لە 80 قوربانی لێكەوتەوە، داعش و جووڵانەوەی ئەهواز بە چالاكی خۆیان هەژماری دەكەن. بەرپرسانی ئێرانیش، سعوودیە و ئەمەریكا و ئیسڕائیل تۆمەتبار دەكەن، هاوكات سەرۆكی ئێران هەڕەشەی تۆڵە دەكاتەوە.

داعش یان جووڵانەوەی ئەحواز ئەنجامیان دا؟
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 22ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە بەیاننامەیەكدا داعش بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی سەر نمایشە سەربازییەكەی سوپای ئێرانی لە ئەهواز راگەیاند. هەر ئەمڕۆ و پێش بەیاننامەكەی داعش، یەعقووب حوڕ ئەلتستری، گوتەبێژی جووڵانەوەی شۆڕشی عەرەبی بۆ ئازادی ئەهواز رای گەیاند كە ئەوان هێرشەكەیان ئەنجام داوە.

جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی عەرەبی وەك گوتەبێژەكەیان دەڵێ چەند باڵێكی چەكداری هەیە، ئەو باڵە چەكدارییانە هێرشەكەیان ئەنجام داوە بۆ سەر شاری ئەهواز كە ناوەندی هەرێمی ئەهوازە لە باشووری رۆژئاوای ئێران.

سەعات نۆی بەیانی ئەمڕۆ شەموو، لەو كاتەی سوپا و پاسدارانی ئێرانی سەرقاڵی نمایشێكی هاوبەشی سەربازی بوون بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەشت ساڵەی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە شاری ئەهوازی پایتەختی خوزستان، لە پشتەوە دەستڕێژی گولەیان لێكرا.

ئەفسەرانی سوپای ئێرانی داوایان لە سەربازەكان كرد بەرەو دواوە بكشێنەوە، ئەگەرچی ئەوان و جەماوەری ئامادەبوونی نمایشەكە كشانەوە، بەڵام بەپێی دوا ئاماری بڵاوكراوەتەوە 29 كەس لە سەربازان و پاسداران و جەماوەری ئامادە بوو كوژران و 60ی تریش بریندار بوون. كە تەلەفزیۆنی ئێرانی راستەوخۆ نمایشەكە و بەشێكی هێرشكردنەكەی گواستەوە، بەڵام دواتر پچڕاندی.
 
جووڵانەوەی ئەهواز كێن؟
هەرێمی خوزستان كە بەهوازیش ناسراوە دەكەوێتە باشووری رۆژئاوای ئێران، ئێستە ئەهواز پایتەختی ئەو هەرێمەیە و رووبەرەكەی 375 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی هەشت ملیۆن كەس دەبێت.

ئەهواز لە مێژوودا، دوای رووخانی دەوڵەتی عەباسی، دەبێتە یەكەم دەوڵەتی عەرەبی كە لەسەر دەستی بەنی ئەسەد لە ئەهواز دامەزرا و لە سەدەی شانزە هەردوو دەوڵەتی سەفەوی فارسەكان و عوسمانییەكان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی عەرەبی دانیان پێدا نا، لە سەدەی هەژدە شێخ خەزعەل كەعبی دوا میری ئەو دەوڵەتە بووە كە ساڵی 1925 لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی شای ئێرانی رووخا و داگیری كرد.

خەڵكی ئەهواز ساڵی 1979 پشتگیرییان لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران دژ بە رژێمی شا كرد، شێخ خاقانی سەركردەی رووحی ئەهوازییەكان هەمیشە لە پێوەندی دابووە لەگەڵ خومەینی پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ئێران.

بەڵام دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، خومەینی ناوی هەرێمەكەی لە ئەهواز بۆ خوزستان گۆڕی، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمەكە عەرەبی سوننەن، ئەوا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاران پشتگوێ خراون و وەك پێویست خزمەتگوزارییان پێشكەیش ناكرێت وەك ناوچە كوردستانییەكانی رۆژهەڵات.

لە دوای داگیركردنی هەرێمی ئەهواز، ساڵی 2001 بە نهێنی، جووڵانەوەی شۆڕشگێڕی بۆ ئازادی ئەهواز لەسەر دەستی خالد زرقانی دروست كرا و یەكێك لە دیارترین كارەكانی ئەو رێكخراوە سیاسییە، ئاشكراكردنی پلانە نهێنیەكانی ئێرانە، هەروەك ساڵی 2012 رای گەیاند كە ئێران ئامادەكاری دەكات بە 380 هەزار چەكداری پاسداران وڵاتانی كەنداوی عەرەبی گەمارۆ بكات.

ئەو جووڵانەوەیە خەریكی چالاكی سیاسی و چەكدارییە لە ئەهواز، ئەمڕۆیش بەرپرسیاریەتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند كە كردیە سەر نمایشی سەربازی هاوبەشی سوپا و پاسدارانی ئێرانی.


ئێران چی دەڵێت؟
میدیای ئێرانی دوای رووداوەكە، ئاشكرایان كرد كە 29 كەس كوژراون و 57ی تریش بریندار بوونە، هاوكات موجتەبی زولنووری، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجومەنی شوڕا رای گەیاند ئەوەی لە ئەهواز رووی دا، كردەیەكی تیرۆریستی بووە و داعش لێی بەرپرسیارە.

هاوكات ئەبو فەزڵ بیغی، جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەنجوومەنی شوڕا، هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار كرد بەوەی ئەو گروپە تیرۆریستییە لە كوردستانەوە خۆیان خزاندووەتە ئەهواز، عەرەبستانی سعوودیە و ئیسڕائیلیش پشتگیری كردوون.

لای خۆیەوە ئەبو فەزڵ شكارچی، گەورە گوتەبێژ بەناوی هێزی چەكداری ئێران ئاماژەی بەوە دا كە دوو وڵاتی كەنداو لە پشتەوەی رووداوەكەن، ئاشكرای كرد ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە چوار كەس بوون و پێوەندیان بە ئەمەریكا و ئیسڕائیلەوە هەیە.

 زیاتر گوتی، "ئەو چەكدارانە پێش چەند رۆژێك چەكەكانیان لە وڵاتانی كەنداو هێناوەتە ناو ئێران و لە شوێنێكی نزیك لە شوێنی نمایشەكە شاردوویانەتەوە، وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی بینەری نمایشەكە خۆیان نیشان داوە و پاشان چەكەكانیان دەرهێناوە و تەقەیان كردووە".

 پێوەند بە رووداوەكە، ئەمیڕاڵ عەلی فدوی، یاریدەدەری سەركردەی سوپای پاسداران، رای گەیاند هێرشەكە بەردەوامی كاری داعشە لە عێراق و سووریا، بەڵگەشە لەسەر توانەوەیان، گوتی، "كاری تیرۆریستی بەڵگەی بەهێزی نییە، بەڵكو بەڵگەی توانەوە و بێ دەسەڵاتییە كە خەڵكی بێ تاوان دەكوژن".
 
 زۆرینەی بەرپرسانی ئێرانی لەسەر رووداوەكە قسەیان كردووە، تەنانەت محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە لە تویتێكدا ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی تۆمەتبار دەكات.

حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كە لە دەمی رووداوەكە بەشداری نمایشێكی سەربازی بوو لە تارانی پایتەخت، رای گەیاند كە ئێران وەڵامی هەموو هێرشێك دەداتەوە و وەڵامەكەیشی تێكشكێنەر دەبێت، ئەوانەشی كە تیرۆریستان لە خۆ دەگرن دەبێت بەرپرسیاریەتییەكە لە ئەستۆ بگرن.

روحانی كە دوای رووداوەكە پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ عەبدولڕەزا رەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆ و غولام رەزا شەریعەتی، پارێزگاری خوزستان ئەنجام داوە بۆ ئاگاداربوون لە وردەكاری هێرشەكە، فەرمانی پێ كردوون هەرچی لە دەستیان دێت بۆ رزگاركردنی گیانی برینداران ئەنجامی بدەن.

هاوكات فەرمانی بە وەزارەتە پێەوەندیدارەكان كردووە بەتایبەت وەزارەتی ئاسایش، كە هەموو هەوڵێكیان بخەنە گەڕ بۆ ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكە و ئەوانەیشی لە هێرشەكە تێوەگلاون.

  كاردانەوەی نێودەوڵەتی
كاردانەوەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك دۆخی ئێران جیاواز بوون، ئەو وڵاتانەی پێوەندی باشیان لەگەڵ ئێران هەیە سەرەخۆشیان لێكردن و بەشێكی تریش پشتگیری هێرشەكەیان كرد.لەوانە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی رووسیا لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران هاوخەمی پێشان دا.

بەڵام عەبدولخاڵق عەبدوڵا، ئەكادیمستێكی ئیماڕاتییە و راوێژكاری سیاسی محەمەد بن زایدی جێنشینی میری ئەبو زەبییە، دەڵێ گواستنەوەی جەنگ بۆ قووڵایی ئێران بژاردەیەكە و پێشتریش بە ئاشكرا قسەی لەسەر كراوە كە لە داهاتوودا ئەو بژاردەیە دەگیردرێتەبەر.

عەبدوڵا لە توێتێكدا لە تویتەری خۆی ئاماژەی بەوە دا كە هێرشكردنە سەر نمایشە سەربازییەكە كردەیەكی تیرۆریستی نەبووە، بەڵكو گواستنەوەی جەنگ بووە بۆ قووڵایی ئێران كە پێشتریش راگەیاندرا بوو.

ئەگەرچی ئێران سعوودیە و ئەمەریكا و ئیسڕائیل تۆمەتبار دەكات، بەڵام هێشتا ئەو سێ وڵاتە لەسەر هێرشەكە هیچ قسەیەكیان نەكردووە.



وشە - فه‌رمان سادق