عێراق.. كەی و چۆن گرێی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران دەكرێتەوە؟

:: PM:09:59:22/09/2018 ‌
مشتومڕی دەستنیشاكردنی كاندید بۆ سەرۆك وەزیران لەلایەن شیعەكان بێ ئەنجامە، هاوپەیمانی فەتح باس لە رێككەوتنی سەدر و عامری دەكات لەسەر كەسایەتییەكی دەرەوەی ریزی یەكەمی سەركردەی حزبە شیعەكان، بەڵام رەوتی مەدەنی بە درۆی دەخاتەوە و دەڵێ بەرەی مالیكی- عامری دژی ئەوەن كەسێكی سەربەخۆ بكرێتە سەرۆك وەزیران.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دانیشتنی پەرلەمان كە چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەمی دادێ 25ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، كۆ ببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ئەگەرچی زانیاری هەیە لەبارەی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بەهۆی ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەهۆی پێداگیری پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەبوونی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە، لە كاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شایستەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت و بەرهەم ساڵحی وەك كاندیدی حزبەكەی دەستنیشان كردووە.

بەڵام لە ئاستی ناو ماڵی شیعەكان، بەتایبەت لیژنەی هاوئاهەنگی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری، باس لە گەیشتن بە رێككەوتن دەكرێت لە بارەی پۆستی سەرۆك وەزیران كە بووە بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێ.

زانیارییە دزەپێكراوەكان باس لەوە دەكەن كە سەدر و عامری لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە هیچ یەكێك لەو كەسایەتییە سیاسییانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی و شیعی هەن، پێشتر پۆستیان هەبووە و تاقی كراونەتەوە، بەربژێر نەكرێن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی، بەڵكو لە جێگەی ئەوەی قسە لەسەر باڵوێزی عێراق لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا، یان كەسێك لە خانەوادەی نەجەفییەكان كە ناسراو بێت بە نیشتمان پەروەری و دەستپاكی، یانیش كەسایەتییەك كە ساڵانی 2003 تا 2005 بەشدار بووە لە پڕۆسەی سیاسی، بەڵام پاشان چووەتە دەرەوەی وڵات و وازی لە سیاسەت هێناوە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە لیژنە هاوبەشەكە ئاشكرای كردووە كە ئەو رێككەوتنە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانیش پێی رازی بووە كە هیچ كەسێك لە سەركردەی یەكەمی حزبە شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید نەكرێن.

ئەو سەرچاوەیە كە لە هاوپەیمانی فەتحە، روونی كردەوە ئەوانەی هۆكاری رێككەوتنەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەموو سەركردە سیاسییەكانی ریزی یەكەمی حزبە شیعییەكان، وێنایان لە شەقامی عێراقی ناشرین بووە، بەڵام ئەو سێ ناوەی باسی لێوەكراوە و دەستنیشان كراوە، كەسایەتی تازەن و تاقی نەكراونەتەوە.

زیاتر گوتی، "یەكێكیان باڵوێزی عێراقە لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپی، ئەوەی دووەمیش لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بەشدار بوو لە ساڵانی 2003 تا 2005، بەڵام پاشان عێراقی جێهێشت و وازی لە سیاسەت هێنا، سێیەمیش لە خانەوادەی نەجەفییەكانە كە خاوەنی مێژووێكی ناسراون لە نیشتمانپەروەری و دەستپاكی"، زیاتر گوتی، "دەتوانین بڵێین ئەو سێ ناوە لەناو هەموو ئەو ناوانەی پێشتر وەك كاندید باسكراون، ماونەتەوە، دەتوانین بڵێین ئەوانە ئێستە پێشنیازن بۆ گفتوگۆ كردن لەسەری، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ناوێك رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە".

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی فەتح، حزبی شیوعی عێراقی هاوبەشی رەوتی سەدر كە بەیەكەوە هاوپەیمانی سائیڕون-یان پێكهێناوە، بەوە تۆمەتبار كرد كە شیوعییەكان بیرۆكەی دانانی كەسێكی سەربەخۆ و بەرنامەیەكی جێگیری خستووەتە هزری موقتەدا سەدر و ئەویش كردوویەتی بە مەرجێكی بنەڕەتی.

"بەڵام سەدر ترسی لە دانانی كەسێكی سەربەخۆ هەیە لەوەی شكست بهێنێت،  پێی وایە شكستی سەرۆك وەزیرانیش زیان بە ناوبانگی سەدر دەگەیەنێت كە ئێستە بەناوبانگترین كەسایەتی سیاسی شیعەیە لە شەقای شیعەكان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق"، ئەو سەركردە وای گوت. 

لای خۆیەوە حەسەن خەفاف، سەركردە لە رەوتی مەدەنی دەڵێت، ناكرێت بە گشتی باسی تەنگژەی پێكهێنانی حكوومەت بكرێت بێ ئەوەی بچیتە ناو وردەكارییەكان و راستی رووداوەكان لە رای گشتی بشاریتەوە، ئەمەیش ئەوەیە كە هەموو هێزە سیاسییەكان ئەنجامی دەدەن.

خەفاف ئاشكرای كرد كە لایەن هەیە لەناو هاوپەیمانی بنیاد "سەربازگەی نوری مالیكی و هادی عامری" دژی ئەوەن كەسێكی سەربەخۆی بكرێت بە سەرۆك وەزیران كە موقتەدا سەدر و سەربازگەی سەدر و حەكیم و عەلاوی پشتگیری لەو بژاردەیە دەكات، ئەوەشی خستەڕوو كە مالیكی و عامری لەسەر كەسێكی سەربەخۆ زوو زوو لەگەڵ ئێرانییەكان كۆ دەبنەوە، چونكە خودی ئەو سەربازگەیە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و دەستدرێژییان كردووەتە سەرماڵی گشتی و سەرقاڵی تایفەگەرایی و ئەتنی بوونە، بۆیە ترسیان هەیە كەسایەتییەكی سەربەخۆ دۆسیەكانیان هەڵبداتەوە.

زیاتر گوتی، "تەنانەت حەیدەر عەبادیش دژی ئەوەیە كەسێكی سەربەخۆ بكرێت بە سەرۆك وەزیران، لایەنی تریش هەن دژی كاندیدی سەربەخۆن، هاوكات لایەنی تریش هەن داوای پشكی خۆیان دەكەن لە وەزارەتەكان".

خەفاف لە بارەی كوردەوە دەڵێ ئەوەی ئێستە وەك پێكهاتەیەكی یەكگرتوو دانوستاندن دەكات تەنیا كوردەكانن، تەنانەت سوننەكانیش بەسەر هەردوو بەرەی سەربازگەی شیعەكان دابەش بوونە، گوتی "هەبوونی زیاتر لە كاندیدێكی كوردیش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار مانای ئەوە نییە كە كورد دابەش بوونە، بەڵكو ئەو دابەشبوونە تەنیا پێوەندارە بە ناوخۆی كوردستان لەسەر پرسە ناوخۆییەكان"، زیاتر گوتی "دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، شتێكی نوێ نییە كە ئێران ئەو بە باشتر دەزانێت لەوەی كەسێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام نەك تەنیا پارتی، ئەوا زۆرێك لە لیستەكانی تریش بە بەرهەم ساڵح رازی نین".
   
 پرسی ململانێیەكانی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لەنێوان سەدر و عامری لە كاتێكدایە دوای دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك بەربژێری ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوا ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی قووڵتر بوونەتەوە لەسەر ئەو پۆستە بەهۆی پێداگیری پارتی بەوەی ئەو پۆستە شایستەی هەڵبژاردنی پارتییە بەپێی خاڵ و ژمارەی كورسییەكان بێت، بەتایبەت كاتێك پارتی ئەو پۆستە دەبەستێتەوە بە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە ئێستە بارزانی لەو پۆستە نەماوە و هەڵپەسێردراوە.
هاوكات ئەمشەو نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەردانێكی رانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا كە ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەگەڵیدا بوو.

نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا سەرەتا لەگەڵ عەمار حەكیم كۆ بووە، پاشان لەگەڵ حەیدەر عەبادی و دواتریش لەگەڵ نووری مالیكی و فالح فەیاز كۆ بووەوە، پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكان بووە و دیاریش نییە سەردانەكە چەند رۆژ دەخایەنێت و جگە لەو چوارَ سەركردەیەی شیعە، لەگەڵ كێی تریش كۆ دەبێتەوە.

سەرچاوەیەكی سیاسی كوردی لە بارەی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، ئامانجی سەردانەكەی جێگری سەرۆكی پارتی بۆ بەغدا دڵنیا بوونە لەوەی ئەگەر پارتی لە پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار سازش بۆ یەكێتی بكات و كاندیدی بكشێنێتەوە، ئەوا لە بەرانبەردا چ پۆستێكی تر بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدرێت، بەتایبەت پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران.




وشە - فه‌رمان سادق