كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان ناكەن

:: AM:08:01:23/09/2018 ‌
هەریەك لە چیا و نما كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان ناكەن و بەگوتەی ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی ئەو حزبە، "بەشداری نەكردنیان پێوەندی بە كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕانەوە هەیە"، بە تایبەت كە ناڕەزایییەك لە ناو گۆڕان دژی ئەو دوو كوڕە لەبارەی موڵك و ماڵ و دارایی و میدیای گۆڕان هەیە.

دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، كێشە ناوخۆیییەكانی بزووتنەوەكە بە تەواوەتی تەقیونەتەوە و ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش كێشەكانی زیاتر قووڵ كردوونەتەوە، هاوكات تاپۆكردنی موڵكی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، دەست بەسەرداگرتنی دارایی و میدیای حزبەكەش لەلایەن ئەوانەوە، ناڕەزایەتیی لەناو گۆڕاندا دروست كردووە. هاوكات پێكهێنانی لیستی كاندیدانی ئەو حزبە كە بەدڵی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا نییە، وای كردووە چیا و نما بەهیچ شێوەیەك بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردنی گۆڕان نەكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە ٣٠ی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێت.

ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، كوڕەكانی كاك نەوشیروان هەر لەگەڵ ئامادەكردنی لیستی كاندیدەكاندا كوردستانیان بەجێ هێشت، چەند ڕۆژێكە چیا هاتووەتەوە و نما نەهاتووەتەوە، بەڵام وەك دەڵێت ئەوان خۆیان وایان پێ باشە بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردن نەكەن.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنەكانی پێشتریشدا، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە شێوازی جیاجیا بانگەشەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانیان دەكرد و بەردەوام دەردەكەوتن، بەڵام ئێستە هیچیان نابینرێن. هەرچەندە ئەم هەڵبژاردنە بۆ گۆڕان چارەنووسسازە.

ژاژڵەیی گوتی، "پێم وا نییە بەشداری نەكردنی ئەو كوڕانە پێوەندی بە كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕانەوە هەبێت، تەنیا دەڵێن ئێمە پۆستمان نییە، ئەگەر بانگەشە بكەین پێمان دەڵێن ئەوە دەستیان خستە ناو هەڵبژاردنەوە، بۆیە دەڵێن ئەوان خۆیان دوور دەگرن باشترە."

بەڵام كێشە ناوخۆیییەكانی ئەمدوایییەی ناو گۆڕان شتێكی تر ئاشكرا دەكات، بەتایبەت كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لە بەشێكی بەرچاوی ناو گۆڕان نیگەرانن و لە دانانی لیستی پەرلەمانیشدا دژی عەلی حەمەساڵح بوون بۆ سەرۆكایەتیی لیستەكە و لەگەڵ كاندیدكردنی بەشێك لەو كاندیدەكانەش نەبوون، ئەوە وای كرد ئەوان زیاتر دوور بكەونەوە.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، لەگەڵ تاپۆكردنی موڵك و ماڵی گۆڕان و گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی كاك نەوشیروان و دروستبوونی ناڕەزایەتی لەناو گۆڕاندا، ئەو كوڕانە نیگەران بوون لە بزووتنەوەكە، بۆیە خۆیان دوور گرتووە و دەیانەوێ ئەگەر گۆڕان شكستی هێنا، بە جۆرێكی تر دژی نەیارەكانیان لەناو گۆڕاندا بوەستنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بەنیاز نەبوون تا دوای هەڵبژاردن لە دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە، بەڵام بە تەكلیفی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان چیا گەڕاوەتەوە و بڕیاریشە لە كۆتاكانی بانگەشەدا نما بگەڕێتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ بەشداریی بانگەشە دەكەن یا وەك ئێستە بە دوورەپەرێزی دەمێننەوە.

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی دووپاتی دەكاتەوە "سەد لە سەد بەشداری نەكردنی كوڕەكانی كاك نەوشیروان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پێوەندی بە كێشە ناوخۆیییەكانی گۆڕانەوە هەیە، ئەگەر نا بارودۆخی ئێستە كە خەڵك لە هەڵبژاردن تۆراوە پێویستی بە هەر كەسێكە، ئەوانیش كە كوڕی كاك نەوشیروانن، بێگومان كاریگەرییان دەبێت لەسەر هیوابەخشین بە خەڵك و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر سندووقی دەنگدان."

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال



وشە - تایبه‌ت