رۆناڵدۆ هەست دەكات دەچەوسێنرێتەوە

:: AM:09:43:23/09/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی هەست دەكات لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا)وە دەچەوسێنرێتەوە و ناحەقەی بەرامبەر دەكرێ بەتایبەتیش دوای پێدانی كارتە سوورەكەی بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا.

رۆناڵدۆ هەفتەی رابردوو لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆس بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا بە كارتێكی سوور كرایە دەرەوە.

لای خۆشییەوە یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە لە هۆكاری وەرگرتنی كارتەسووڕەكەی رۆناڵدۆ بكات و بڕیاری كۆتایی لەمبارەیەوە بدات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ پێیوایە لەلایەن یوفاوە چەند ساڵێكە ناحەقەی بەرامبەر دەكرێ و دەچەوسێنرێتەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە پەیوەندی نێوان رۆناڵدۆ و بەرپرسانی یوفا بەم دواییە ئاڵۆزتر بووە دوای ئەوەی ئەستێرەكە رەتی كردبووەوە بێتە نێو ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتی باشترینەكانی 2018ی ئەوروپا.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە رۆناڵدۆ پێیوایە چەند بەرپرسێك لە یوفا دژایەتی دەكەن هەر لەبەر ئەمەشە خەڵاتی باشترین یاریزانی 2018ی ئەوروپای پێ نەدرا و درایە لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م