ڕۆژنامەیەكی عەرەبی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەكشەمی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دووپات لەوە دەكاتەوە، سەركردەكانی شیعە لە دیداریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵێنیان پێ داوە دەنگ و پشتیوانییان بۆ كاندیدی پارتی دەبێ تا پۆستی سەركۆماری عێراق وەربگرێت.
ڕۆژنامەی "
حەیات"ی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، دۆسیەی سەركۆماری عێراق ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەوەی یەكێتی بێ گەڕانەوە بۆ پارتی بەرهەم ساڵحی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد، پارتیش سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە لەلایەن خۆیهوه، بۆیە شیعەی عێراق بۆ بارزانی دووپاتیان كردووەتەوە كە پشتیوانی كاندیدی پارتی دەكەن.
ڕۆژنامەكە لە زاری سەرچاوە باڵاكانەوە نووسیویەتی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاندووە، پشتیوانی داواكردنی پۆستی سەركۆمار لەلایەن پارتییەوە دەكات، هاوكات هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دووپاتی كردووەتەوە كە كاندیدی پارتی جێی ڕەزامەندی و پشتیوانی ئەوانیش دەبێ، بۆ ئەوەی پۆستی سەركۆمار وەربگرێت.
پشتیوانی لایەنەكانی شیعەی بەغدا لە كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی سەركۆماری عێراق لە كاتێكدایە كە تا ئێستە بە فەرمی پارتی كاندیدی خۆی یەكلا نەكردووەتەوە و بەرهەم ساڵح و سەردار عەبدوڵا و لەتیف ڕەشید و عومەر بەرزنجی و سروە عەبدولواحید وەك كاندیدی سەركۆماری عێراق ڕاگەیەنراون.
هەرچەند پارتی لە دوای هەڵبژاردنەوە دووپاتی كردەوە كە پێویستە كورد بە یەكڕیزی و هاوئاهەنگی بچێتەوە بەغدا، بەڵام یەكێتی بێ گەڕانەوە بۆ پارتی و لایەنەكانی تر تاكلایەنە كاندیدی سەركۆماری دیاری كرد، لە كاتێكدا ئەو پۆستە پشكی كوردە لە بەغدا، نەك تەنیا پشكی یەكێتی.
دوای ڕاگەیاندنی كاندیدی سەركۆمار لەلایەن یەكێتییەوە، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند كە بڕیار بوو یەكێتی بە ئاگاداری ئێمە لەسەر ئەو پرسە بڕیار بدەین، بەڵام ئەوان تاكلایەنە بڕیاریان داوە و بۆ هیچ حزبێكی كوردستان نەگەڕاونەتەوە، بۆیە پارتیش كاندیدی گونجاوی خۆی دەبێ، چونكە بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن، ئەم پۆستە پشكی پارتییە.