راهێنەری بەرشەلۆنە سەیری یارییەكانی ریال مەدرید ناكات

:: AM:10:19:23/09/2018 ‌

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد، ئێستا گوێ بە ركابەرییەكانی تیپەكەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نادات و تەنانەت سەیری یارییەكانیشیان ناكات.

یانەی بەرشەلۆنە ئەمڕۆ یەكشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان لە پێنجەم یاریی وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو مێوانداری یانەی گیرۆنا دەكات.

یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو لەنێو یاریگەی خۆی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی ئیسپانیۆڵی بردەوە، بەمەش بەشێوەی كاتی و بەكۆكردنەوەی 13 خاڵ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی لە یانەی بەرشەلۆنە سەندەوە كە 12 خاڵی هەیە.

ڤالڤێردی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەی ئەمڕۆ رایگەیاند: لە ماوەی 6 رۆژدا 3 یاریی گرینگمان هەیە، بۆیە دەبێت بە تەواوی خۆمان بۆ یارییەكان ئامادە بكەین و هەوڵ بدەین لەسەرجەمیان سەركەوتن بەدەست بێنین.

زیاتر گوتی: پێشبینی دەكەم یارییەكەی ئەمڕۆمان بەرامبەر یانەی گیرۆنا بەهێز و ئاڵۆز بێت، چونكە تیپی بەرامبەر هەمیشە هەوڵ دەدات كۆنتڕۆلی یاریگە بكات و هێرشی بەهێز ببات، بەڵام ئێمە تەنیا بۆ سەركەون یاری دەكەین و هیچ ناونیشانێكی ترمان نییە.

لەبارەی ركابەریكردن لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە رایگەیاند: لە راستیدا گرینگی بە یارییەكانی یانەی شاهانە نادەم و تەنانەت تا ئێستا لەم وەرزەدا هیچ یارییەكی ئەو یانەیەم نەدیوە، كە كاتی خۆی هات و نزیك بووینەوە لە یاری كلاسیكۆ ئینجا یارییەكانیان سەیر دەكەم و لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەم.

یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی شا و خولی ئیسپانیا، لەم وەرزەدا 4 یاریی لە خولی ئیسپانیا ئەنجامداوە و لەسەرجەمیشیان سەركەوتنی بەدەستهێناوە و ئێستا بە 12 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی یانەكان دێت دوای یانەی ریال مەدرید.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م