بەرشەلۆنە لەسەر پۆگبا خۆی یەكلایی كردۆتەوە

:: AM:10:53:23/09/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاری كۆتایی لەبارەی هەوڵەكانیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی داوە.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوو هەوڵێكی زۆری بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا دابوو و بۆ ئەمەش چەند دەستەوارەیەكی پێشكەش كردبوو، بەڵام بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد رەتیان كردبووەوە دەستبەرداری بن.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە ماوەی رابردوودا ئاشكرایان كردبوو كە یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو دووبارە دەگەڕێتەوە سەر هەوڵەكانی بۆ رازیكردنی پۆگبا.

بەڵام رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی زانیاری نوێی لەمبارەیەوە خستەڕوو و جەختی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لە زستانی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ پۆگبا ناكات.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریانداوە تەواوی ئەم وەرزە چاودێری ئاستی پۆگبا بكەن لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد تا دڵنیاببنەوە لەوەی كە هاوینی داهاتوو دووبارە هەوڵەكانیان دەست پێ بكەنەوە یان نا.

ئەمە لەكاتێكیشدایە كە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵیش لای خۆیەوە هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ رازیكردنی ئەو ئەستێرەی پێشووی تا دووبارە بیگەڕێنێتەوە ریزی یانەكەی.

پۆگبا /25 ساڵ/ لە هاوینی 2016 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 94.5 ملیۆن پاوەن بوو ریزی یانەی یۆڤێنتۆسی جێهێشت و گەڕایەوە یانەی مانچستەر یونایتد، بەڵام ماوەیەكە دەنگۆی بوونی كێشەی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی بڵاو دەكرێتەوە كە ئەمە هۆكاری سەرەكی جێهێشتنی خولی نایابی ئینگلیزییە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م