پارتی بۆ یەكێتی: بێ ئێوە حكوومەتی كوردستان پێكدەهێنین

:: PM:12:05:23/09/2018 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەگەر یەكێتی بەبێ‌ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆك كۆمار دیاریی بكات كە پۆستێكە و پشكی كوردە، دەبێ ئەوەش قبووڵ بكات كە پارتی بە تەنیا حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی ئەیلوول، پشتیوان سادق ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، پێویستە دیاریكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار بە هاوبەشی بێت.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی گوتی، ئەگەر یەكێتی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆك كۆمار دیاری بكات، پێویستە ئەوەش قبووڵ بكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ‌ یەكێتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنێت.

ئاماژەی دا، ئەگەر خەڵكێكیش لەناو یەكێتی ئەوەی كرد یا بۆچوونی ئاوا بێت، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرێت كە ئێمەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ‌ یەكێتی پێكدەهێنین.

ئەو لێدوانەی پشتیوان سادق لە كاتێكدایە وا بڕیار بوو یەكێتی و پارتی بەیەكەوە سەرۆك كۆماری عێراق دیاری بكەن، بەڵام یەكێتی بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ پارتی بەرهەم ساڵح وەك كاندید دیاری كرد.

كۆبوونەوە سیاسییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان چڕ بوونەتەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق.



وشە - رامیار جەواد