بەیانی ئەمڕۆ باوك و براكان و هاوسەرەكەی هێرشیان كردە سەر ژنێكی خانەی داڵدەدراوان لەو كاتەی بۆ دانیشتنی دادگاییكردنی دەبرا، ئۆتۆمبێلەكەی ژنەكەی تێدا بوو لەلایەن كەسوكار و هاوسەرەكەیەوە فیشەكباران كرا، بەڵام خۆی و ئەو پۆلیسانەی لەگەڵی بوون، هیچ فیشەكێكیان بەرنەكەوت و ڕزگاریان بوو.
یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم سەعات نزیكی 10، ژنێكی خانەی داڵدەدراوان لە ئیسكان دانیشتنی دادگای هەبوو و دەبوو لەبەردەم دادوەر ئامادە بێ، بۆیە بە ئۆتۆمبێلی خانەی داڵدەدراوان لەگەڵ سێ پۆلیس بەرەو دادگا براوە، بەڵام لەلایەن باوك و برا و هاوسەرەكەیەوە لەسەر شەقامی ڕووناكی پێی زانراوە و دەستڕێژی فیشەك لە ئۆتۆمبێلەكە كراوە.
ئاماژەی دا، ئەو ژنە جارێكی تر لە كاتی بردنی بۆ دادگا پێی زانراوە و فیشەكباران كراوە، كەسوكارەكەی بە وردی چاودێری ناوچەكەیان كردووە، جیا لەوەیش دادگا هاوسەرەكەیشی لە دادگاییكردنەكان ئاگادار دەكاتەوە، تا هەردوولا ئامادە بن، بۆیە باوكی و كەسوكاری لە نزیكی خانەی داڵدەدراوان چاودێرییان كردووە، دوای دەرچوونی ئۆتۆمبێلی هەڵگری ژنەكە ئەوانیش دوای كەوتوون و لەسەر شەقامی ڕووناكی تەقەیان لێ كردوون.
لە بەشیكی تری قسەكانی بەڕیوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەی ڕوونی كردەوە، دوای ڕووداوەكە ژنەكە و سێ پۆلیسەكە كە یاوەرییان دەكرد، هێنراونەتەوە خانەی داڵدەدراوان و هەر چواریان سەلامەت بوون و دۆخەكەیش كۆنتڕۆڵ كرا و هیچ زیانێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتووەتەوە.
هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان.