تا ئێستە لە راپەرین هۆتیل نییە و گەشتیاران بۆی ناچن

:: PM:05:54:23/09/2018 ‌
ئەگەرچی دەڤەری راپەرین بەهۆی فێنكی ئاو و هەوای سازگاری و بوونی چەندان شوێنی گەشتیاری سەرنجراكێش بە ناوچەیەكی گەشتیاری دەوڵەمەند دادەنرێت, بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆتێل و نەبوونی شوێنێكی گەشتیاری و مانەوەی گونجاو بۆ گەشتیار ساڵانە كەمترین گەشتیار روو دەكەنە ئەو دەڤەرە.

هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین بە "وشە"ی راگەیاند، بێگومان نەبوونی هۆتێل كاریگەری گەورەی كردووەتە سەر كەرتی گەشتیاری و ئابووری لە سنورەكە كە وایكردووە ساڵانە كەمترین گەشتیار روو لە ناوچەكەمان بكات لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەندین بە ناوچەی زۆر جوانی گەشتیاری.

ڕوونیشی كردەوە كە لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی راپەرین و سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان هەوڵدراوە كە شوێنێكی شایستە دەستنیشان بكرێت وە شوێنیش دیاری كرا، بەڵام بەهۆی تەنگژەی داراییەوە هیچ وەبەرهێنێك لەو كاتەدا ئامادە نەبوو كە پرۆژەیەكی گەشتیاری و هۆتیل دروست بكات.

 سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین گوتی، بەهیواین لەگەڵ باش بوونی تەنگژەی دارایی و بوژانەوەی وەبەرهێنان لە كوردستاندا هۆتێلێكی شایستە بە سنووری راپەرین وەبەپێی پێویستیەكانی سنورەكە دروست بكرێت.

لای خۆیەوە ئەبوبەكر ئەحمەد بەرێوەبەری گەشتوگوزاری پشدەر بە "وشە"ی راگەیاند، هاتنی رێژەی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بەرێژەیەكی بەرچاو رووی لە زیادبوون كردووە، لەگەلً ئەوەی دەڤەری راپەرینیش خاوەن چەندان ناوچەی گەشتیاری سەرنجراكێشە، بەڵام كەمترین گەشتیار رووی كردووەتە دەڤەرەكە.

ڕوونیشی كردەوە كە هۆكاری سەرەكی نەهاتنی گەشتیار بۆ دەڤەری راپەرین نەبوونی هۆتێلە لەبەرئەوەی تا ئێستەیش دەڤەری راپەرین خاوەن هۆتێلێكی شایستە و گەشتیاری نییە.

هاوكات  ئاسۆ دارا مامۆستا و شارەزا لە بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، نەبوونی هۆتێل كاریگەری دەكاتە سەر بواری گەشتوگوزار  لەبەرئەوەی گەشتیار كەشێكی هێمن و ئارامی پێویستە بۆ پشودان و نەبوونی شوێنی ئارام و خەوتن بێگومان كاریگەری هەیە لەسەر كەمی رێژەی گەشتیاران.
ئیدارەی ڕاپەرین شارۆكەكانی ڕانییە و حاجیاوە و قەڵادزە و چەندان شوێنی تر دەگرێتەوە كە لەڕووی كارگێرییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە.

راپەرین/ شادان بەكر



وشە - سه‌رخێڵ هاشم