دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە قەڵادزێ تیمێكی 15 كەسی بیانی كە وەك ڕێكخراوێكی خێرخوازی دەرمان و شیری ماوە بەسەرچوویان بەسەر هاەوڵاتییان دابەش كرد گیران، ئێستە دەركەوت كە ئەو تیمە لەلایەن كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێنرابوونە سنوورەكە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتووە، عوسمان محەمەد كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە كە پێشتر لە بنكەی تەندروستی ناوچەكە پۆستی هەبووە، بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو كەسانەی هێناوەتە سنوورەكە و دواتر گیراون.
عەبدوڕەحمان هەڵشۆیی كارمەندی تەندروستی لە قەڵادزێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی تیمێكی بە ناو خێرخوازی هاتنە سنوورەكە و شیر و دەرمانیان بەسەر هاووڵاتییان دابەش كرد، دواتر دەركەوت كە ئەو تیمە بە بێ ئاگاداری هیچ لایەنێكی پێوەندیدار وەك تەندروستی ڕاپەڕین و قەڵادزێ هاتوون.
ڕوونیشی كردەوە كە دوای لێكۆڵینەوە لەو كارانەیان دەركەوت ئەو كەسانە شارەزا نەبوون بە تایبەت لە بواری تەندروستی و بگرە گومان لە ناسنامەیشیان هەیە و لەگەڵ ئەوەیش پێدەچێت باندی مەترسیداربن و گورچیلە بدزن و نەخۆشی بڵاوبكەنەوە، دواتر لە لایەن پۆلیسەوە گیران.
ئاشكرای كرد كە ئەو تیمە لەلایەن كاندیدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێنرابوونە سنوورەكە و هێنانی ئەو تیمەیش تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بووە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی