خۆپێشاندان دەست پێدەكاتەوە.. عەبادی دەیزانی دۆخی بەسڕە كۆتایی بە حوكمی حزبی دەعوە دێنێت

:: PM:08:05:23/09/2018 ‌

سێ مانگ خۆپێشاندان و زیاتر لە 300 قوربانی و 70 هەزار تووشبوو بە نەخۆشی بەهۆی ئاوی پیس و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری، هیچی لە دۆخی بەسڕە نەگۆڕیوە، ئەگەرچی چەندجارێك عەبادی سەردانی شارەكەی كردووە. هاوكات لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمان لەسەر دۆخی شارەكەیان، بەسڕاییەكان ئاماژە بە دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دەكەن.

لەو كاتەوەی خۆپێشاندانەكان لە نۆی تەمووزی رابردوو لە بەسڕە دەستی پێ كرد، تا ئێستە كە نزیكەی سێ مانگ بەسەر جووڵانەوەی ناڕەزایەتی خەڵكی شارەكە تێدەپەڕێت كە 20 كەس بەهۆیەوە كوژران و 300ی تریش بریندار بوونە، لەگەڵ ئەوەی حكوومەت دەیان بەڵێنی بە خەڵكی شارەكە داوە، بەڵام تا ئێستە یەك وێستگەی پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوەیشی لەسەر رووباری شەتوڵعەرەب دروست نەكردووە.

بەڵێنەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، دوای زیاتر لە سەردانێك بۆ شارەكە هێشتا حوبری سەر كاغەزە، تەنانەت سەردانی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی نوێ هیچی نوێی لەگەڵ خۆیدا نەهێنا، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەم 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەر، پەرلەمان لەسەر دۆخی بەسڕە كۆ ببێتەوە، بەڵام بەسڕاییەكان هیچ هیوایەكیان بە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە نییە و ئاماژە بە دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندانەكان دەكەنەوە و پێیان وایە تەواوی بەڵێنەكان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بوون.

 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر، لە چەند سەردانێكی بۆ بەغدا بەڵێنی 10 هەزار هەلی كاری بە خەڵكی شارەكە دا، كەچی ئێستە رێژەی بێكاری لە بەسڕە زیادی كردووە، هاوكات بەڵێنی دروستكردنی وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی دا لەسەر رووباری شەتولعەرەب، كەچی بەڵێنەكەی نەگەیاندە سەر و ژمارەی ئەوانەی بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس، نەخۆش كەوتوون گەیشتووەتە 70 هەزار كەس.
 
گەڕانەوە بۆ شەقام
دوای سێ مانگ لە بەڵێنە گەورەكانی عەبادی، پێدەچێ شكستی لە وەرگرتنەوەی خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی بەهۆی رووداوەكانی ئەم دواییەی بەسڕە، تۆڵە هەر لە خەڵكی شارەكە بكاتەوە كە هیچ بەڵێنێكی نەگەیاندووەتە سەر.

كازم سەهلانی، یەكێك لە جووڵێنەرانی خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دەڵێ، سێشەمی داهاتوو دەست بە خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دەكەینەوە، چونكە هیچ بۆ بەسڕە نەكراوە و ئێمەیش بەهەمان درووشم و داوای سێ مانگ پێش ئێستە دێینەوە سەر شەقامەكان و داوایش لە حكوومەت دەكەین ئەوانە سزا بدات كە 20 خۆپێشاندەری كوشتووە و زیاتر لە 300ی تریشی بریندار كردووە.
 
كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ دووپات لە كوژرانی 20 خۆپێشاندەر و برینداربوونی زیاتر لە 300 خۆپێشاندەر دەكاتەوە لە بەسڕە، جگە لەوانەی گیران و ئازاد كران.
  
كۆمسیۆنەكە ئاشكرای دەكات، لەو كاتەوەی ئاوی خواردنەوەی بەسڕە پیس بووە، 70 هەزار كەس نەخۆش كەوتوون، داواش لە حكوومەت دەكات كە هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و راگەیاندنی باری نا ئاسایی لە شارەكە بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا.

ئەگەرچی دوو هەفتە پێش ئێستە لیژنەی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانەكان بڕیاری هەڵپەساردنی خۆپێشاندانەكانی راگەیاند بۆ ئەوەی هێزە تەناهییەكان كۆنتڕۆڵی شارەكە بكەن بەهۆی سووتاندنی 17 باڵەخانەی حكوومەت و حزب و میلیشیاكانی حەشد و كونسڵخانەی ئێران لە شارەكە، بەڵام هەمان لیژنە ئاماژە بە دەست پێكردنەوەی خۆپێشاندان دەدات بەهۆی ئەوەی حكوومەت هیچ بەڵێنێكی جێبەجێ نەكردووە.


رەوتی سێیەم
دوای سەردانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ بەسڕە، 35 چالاكوان ئازاد كراون و تەنیا 12یان بە گیراوی ماونەتەوە، سەهلانی دەڵێ نۆ لەوان خەڵكی بەسڕەن و دووانیان هی ناسڕییە و یەكیان هی كوت.

هێزە تەناهییەكان تیمی خۆپێشاندەران كە بە گرووپی "رەوتی سێیەم" ناویان دەبات، تۆمەتبار دەكات بەوەی ئاستی داواكارییەكان زۆر بەرز كردووەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستوور و لێخستنی حكوومەت دەكەن، پێیان وایە ئەوە گوتارێكی توندە و نزیكە لە گوتاری بەعسییەكان.

هێزە تەناهییەكان ژمارەیەك كەسیان لەوان گرتووە و دەڵێن بەڵگەیان هەیە كە ئەوان بوونەتە گرووپێكی بكوژ و لە پشتەوەی رووداوەكانی كوشتنن كە هەفتەی رابردوو لە بەسڕە چەند هاووڵاتییەك كوژران.

هاوكات میدیای ئێرانی لە راپۆرتێكدا ناوی چەند چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی ئاشكرا دەكات كە پێوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ دیپلۆماتكارە ئەمەریكییەكانی كونسڵخانەی ئەمەریكا لە بەسڕە هەیە و دەڵێ، ئەوان خەڵكیان هانداوە كونسڵخانەی ئێران لە بەسڕە بسووتێنن.

بەسڕە لە پەرلەمان
چاوەڕوان دەكرێت سێشەمی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێك بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، وەزیری تەندروستی، وەزیری نیشتەجێكردن لەسەر دۆخی بەسڕە ئەنجام بدات.

حەسەن جەنابی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو ئێوارەی دوێنێ شەموو، رای گەیاند كە ئامادەی دانیشتنەكە پەرلەمان دەبێت، گوتی، "هیچم نییە لێی بترسم، وەزارەتەكەشم پابەندە بەرپرسیاریەتی هەڵگرێت".

پێش دانیشتنەكەی پەرلەمان، عەبادی بڕیاری خەرجكردنی 200 ملیار دیناری بۆ بەسڕە داوە، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ رەزامەندی لەسەر  خەرجكردنی دەردەبڕین، چونكە ئەوەی عەبادی كردوویەتی پشت ئەستوور نییە بە چوارچێوەیەكی یاسایی، چونكە لە نەبوونی پەرلەمان بڕیارەكە دراوە و لە بودجەی 2018یش باس نەكراوە.

بەڵام وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ یەكشەم 23ی ئەیلوول رای گەیاند، تا ئێستە 501 ملیار دیناریان بۆ بەسڕە خەرج كردووە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە چوارچێوەی شایستەی دارایی شارەكە لە پتڕۆدۆلار.

 عەبادی هۆشداری لە دەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیران دابووە حزبی دەعوە 
بەگوێرەی هەندێ بەڵگەنامەی كۆن كە بەمدواییە ئاشكرا بووە، 13 ساڵ پێش ئێستە مەترسی پیسبوون و ژەهراویبوونی شەتولعەرەب دراوە. عەلی شەداد فارس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە ئەو بەڵگەنامەیە پشتڕاست دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات كە هەمووان لە ژەهراویبوونی ئاوی بەسڕە بەرپرسن.

بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی بڵاوكراونەتەوە كە هەندێكیان هی ساڵی 2005، ئەوە پشتڕاست كراوەتەوە كە شەتولعەرەب ژەهراوی بووە، بەڵام رێژەكەی زۆر كەم بووە، لە بەڵگەكانیشدا روون كراوەتەوە سەرچاوەی ئەو ژەهرە دەڕژێتە ناو شەتولعەرەب، لە رووبای كاڕونەوە دێت و پاشماوەی پیشەسازی ئێرانییە. فارس گوتی، "ئەگەرچی هۆشداری دراوەتە حكوومەت، بەڵام ئەوان پشتگوێیان خستووە".

بەگوێرەی زانیارییەكان، پێش دوا سەردانی بۆ بەسڕە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر لەگەڵ سەركردایەتی حزبی دەعوە كۆبوونەوەی كردووە و پێی راگەیاندوون ئەوەی لە بەسڕە روودەدات مەترسیدارە و ئەگەری هەیە پۆستی سەرۆك وەزیران لە ژێر پێی حزبی دەعوە دەربهێنێت.

عەبادی لەو كۆبوونەوەیە بە سەركردایەتی حزبی دەعوەی گوتووە كە هاوپەیمانەكانی لە باشووری عێراق كودەتایان لە دژی حزبی دەعوە كردووە، بەتایبەت لە دانیشتنەكەی پەرلەمان كە بڕیاربوو باسی دۆخی بەسڕە بكرێت كەچی ئەوان بە ئاقارێكی تر بردیان، زیاتر گوتی، "ناكرێت حكوومەت بە تەنیا بەرپرسیاریەتی ئەوەی لە بەسڕە روودەدات بگرێتە ئەستۆ، بەڵكو كێشەكە زۆر كۆنترە".

هاوكات بەرپرسانی خۆجێی بەسڕە ئاماژە بە پڕۆژەیەكی كۆمپانیای "هیتاچی"ی ژاپۆنی دەكەن كە ساڵی 2011 بەنیاز بوون لە بەسڕە ئەنجامی بدەن لە چوارچێوەی قەرزی ئەو وڵاتە بۆ عێراق، ئەویش دامەزراندنی پڕۆژەیەكی گەورەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بوو لەسەر شەتولعەرەب.

ئەگەرچی بەپێی رێككەوتنەكە دەبووایە پڕۆژەكە لە ماوەی سێ ساڵ تەواو بووبووایە، بەڵام عێراق پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە، عەبدولمونعیم خەیوون، بەرپرسی پڕۆژەكە ئاشكرای دەكات كۆمپانیای هیتاچی ژاپۆنی لەلایەن بڕیار بەدەستانەوە هەڕەشەی لێكرا بەهۆی ململانێی عەشایەری، ئەمەیش وای كرد كۆمپانیایەكە بەسڕە بەجێ بهێڵێت و پڕۆژەكە تەواو نەكات.

زافر عەبدوڵا، راوێژكاری وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێ، دروستكردنی بەنداوێكی لاستیكی لە دەوری شەتولعەرەب چارەسەری ریشەیی نییە بۆ پاككردنەوەی رووبارەكە لە رێژەی ئەو خوێیەیەی تێیدایە، ئەوەیشی خستەڕوو كە وەزارەتەكەیان پابەند بووە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ بەسڕە و لە چركەیەكدا 50 تا 40 مەتر سێ جار دەگاتە شارەكە، گوتی، "راستە باكوری شەتولعەرەب رێژەی خوێی كەمە، بەڵام دوای چوار مانگ لە پڕ خوێبوونی ئاوەكە ئاسان نییە رێژەكەی داببەزێت". زیاتر گوتی "شارەكە پێویستی بە دوو تا سێ مانگ هەیە بۆ پاككردنەوەی شەتولعەرەب".
  



وشە - فه‌رمان سادق