سەرچاوەكان و میدیاكانی ئەو شارە بڵاویان كردەوە، كە بەیانی ئەمڕۆ دووشەم چەند كەسێكی نەناسراو لەشاری سلێمانی هێرشیان كردە سەر بارەگای حزبی تەڤگەری ئازادی و چەند كەسێك بریندار دەكەن.
سەرچاوەكان هێمایان بۆ ئەوە كرد، كە ئەمڕۆ دووشەم 24ـی ئەیلوول، چەند كەسێكی نەناسراو هێرشیان كردە سەر بارەگای سەرەكی حزبی تەڤگەری ئازادی و چەند كارمەندێكی ئەو حزبەش بریندار كراون.
"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بەچەند بەرپرسێكی ئەو حزبە كرد ژمارەكانیان داخرا بوو یەكێكیشیان بەهۆی لێكۆڵینەوەكان ئامادە نەبوو قسە بكات.
هاوكات شیلان شاكر هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی بە چەند میدیایەكی ئەو شارەی ڕاگەیاندووە، ئەو كەسانەی هێرشیان كردووەتە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانییەوە چوونەتە ناو ئۆفیسەكە و بەشێكی زۆر لە كەرەستە و كەلوپەلەكانی ناو بیناكەیان شكاندووە و هێزە ئەمنییەكان هیچ هەڵویستێكیان نەبووە، هەروەها بەهۆی هێرشەكەوە چەند ئەندامێكی تەڤگەری ئازادی برینداربوون.
تەڤگەری ئازادی بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێكارە یاساییەكانی بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول بە بڕیارێكی كۆمسیۆن دوور خرایەوە و بەشداری ناكات.
لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئەیلوول چەندان ڕووداوی تەقە كردن لە بارەگەی حزبەكان هەبوو.