ئەمڕۆ ئاهەنگی خەڵاتەكانی باشترینی جیهان ئەنجام دەدرێ

:: AM:09:46:24/09/2018 ‌

یەكەتی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ئەمڕۆ دووشەم ئاهەنگی خەڵاتی باشترینەكانی 2018ی جیهان (The Best) لە شاری لەندەنی پایەتەختی ئینگلتەڕا ئەنجام دەدات.

ماڵپەڕی (فیفا) چەند زانیارییەكی لەسەر شێواز و وادەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەی ئاشكرا كرد.

یەكەتییەكە ئاشكرای كرد كە ئاهەنگەكە سەعات 9:30ی شەو بەكاتی كوردستان دەست پێ دەكات و ماوەی 90 خولەك دەخایەنێ.

جەختیشی كردەوە كە لە ئاهەنگەكەدا چەندان كەسایەتی و ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێ ئامادە دەبن لەسەرووی هەموویانەوە گیانی ئینڤانتینۆی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا).

پێشكەشكارانی ئاهەنگەكە برێتی دەبن لە ئیدریس ئەلبای هونەرمەندی ئینگلیزی لەگەڵ لۆر بۆنی پێشكەشكاری ناوداری فڕەنسی كە زمانەكانی ئینگلیزی، ئیتاڵی، پورتوگالی، ئیسپانی، ئەڵمانی و رووسی بەتەواوی دەزانێ.

جێی باسە لە ئاهەنگەكەدا هەریەك لە یاریزانان كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی و لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی 2018ی جیهان دەكەن.

هەر لە ئاهەنگەكەدا خەڵاتی باشترین راهێنەر، باشترین یاریزانی ئافرەت، جوانترین گۆڵ، باشترین پێكهاتە و چەند خەڵاتێكی تریش دابەش دەكرێن.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م