كه‌ڤاڵ سدقى كچه شانۆكارێكی شارى دهۆكه و له‌دایكبووى ساڵى 1983یه, ده‌رچووى به‌شى شانۆى په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كان و به‌شى شانۆى زانكۆى دهۆكه. ماوه‌ى 18 ساڵه له بوارى شانۆ و نواندن كار ده‌كات و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه.
ئه‌و خاتوونه كه ئه‌ندامى ئاڵوگۆڕى كولتووره له نێوان ئه‌ڵمانیا و كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ى "وشه"دا وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێك له‌باره‌ی شانۆ و دۆخی ئه‌و هونه‌ره له دهۆك ده‌داته‌وه.
ئێسته خه‌ریكى چیت؟
وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك كه پێویستى به نوێبوون و به‌ره‌وپێشچوون هه‌یه, حه‌ز به‌و به‌ره‌وپێشچوون ده‌كه‌م و ئێسته خه‌ریكى خوێندنم له ده‌ره‌وه‌ى وڵات تا ماسته‌ر له بوارى شانۆدا به ده‌ست بێنم.
پێوه‌ندى نێوان شانۆ و مرۆڤ چۆن ده‌بینی؟
شانۆ یه‌كێكه له كاریگه‌رترین ئامرازى گواستنه‌وه‌ى مێژووى كۆنى مرۆڤایه‌تى و كولتوور و روودانهكانى كۆمه‌ڵگه, هه‌ر له كۆن و تا ئێسته‌یش مرۆڤ قه‌رزارى ئه‌م هونه‌ره‌یه كه بووه‌ته پردێك له نێوان مرۆڤى سه‌رده‌م و مێژووى كۆنى مرۆڤایه‌تى.
شانۆ كاریگه‌رترین جۆرى هونه‌ره كه كارتێكردنێكى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونى هه‌مه‌ڕه‌نگى كۆمه‌ڵگه كردووه, هونه‌رێكى زیندووه و مرۆڤ فێرى دانوستاندن و بیركردنه‌وه و پێكه‌وه‌ژیان ده‌كات و كار له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانى كۆمه‌ڵگه ده‌كات.
هۆكار چی بوو بوارى شانۆ و نواندن هه‌ڵبژێری؟
یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى شانۆ گۆڕینه, ئه‌كته‌ر له ژێر كاریگه‌ریی رۆڵبینین ده‌گۆڕێت, كه‌سایه‌تییه‌كان له ناو روودانى دیمه‌نه‌كاندا ده‌گۆڕێن, بینه‌ر له كاتى بینینى شانۆدا ده‌گۆڕێ، به‌م شێوه‌یه مرۆڤ بڕوا ده‌كات كه گۆڕین محاڵ و نامۆ نییه, ئه‌مه یه‌كێك بوو له‌و هۆكاره گرنگانه‌ى وای كرد من بوارى شانۆ و نواندن هه‌ڵبژێرم.
خاڵێكى تر‌ى گرنگ, شانۆكار هه‌موو كات رێنیشانده‌رى گه‌لانى پێشكه‌وتووه و شوێنپهنجهكانى له‌ناو گۆڕینى بنیاتنانى گه‌لانى پێشكه‌وتوو دیار ده‌بێت, كۆمه‌ڵگه داخراوه‌كان پێویستیان به‌م جۆره قاره‌مانه سیحراوییانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى رێى ئازادى و گۆڕین پێشكه‌شى ئه‌وان بكه‌ن.
به‌شداریى چه‌ند شانۆگه‌ری بوویت و زیاتر حه‌ز له كامیان ده‌كه‌ى؟
به‌شداریم له چه‌ندان شانۆگه‌ریدا كردووه, هه‌ر كاتێك هه‌ست به به‌رپرسیارێتى كار و هونه‌ریى خۆم كردبێت له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه به‌گشتى، ئه‌و كاره چێژ و ره‌نگێكى جیاوازترى هه‌بووه له كاره‌كانى تر‌ى خۆم.
هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌رى وه‌ك منداڵ بۆ دایك وایه كه بۆى قورسه بتوانێ له نێوانیاندا یه‌كێك هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام به گشتى شانۆى (ژنانى چاوه‌ڕێ) بۆ من سیمبۆلێك بوو له ئازادى ژنانى چاوه‌ڕێ و خۆڕ‌اگرى ئه‌وان, یه‌كێكى تر له پیرۆزییه‌كانى ئه‌م شانۆیه ئه‌وه‌بوو 17 كچى شانۆكار له هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان له یه‌ك كارى هونه‌ریدا به‌شدار بووین, شانۆگه‌رییه‌كه له‌سه‌ر ئه‌نفالى كورد بوو.
به‌شداریت له دراما و فیلمه سینه‌ماییه‌كاندا كردووه؟
تا ئێسته به‌شداریم له هیچ دراما و فیلێكدا نه‌كردووه, ئه‌مه به‌پێى خواستى خۆم بووه, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌لى كاركردن هه‌بووه له‌م بواره‌دا كه به‌شداریى فیلم و دراما بكه‌م، به‌ڵام ره‌تم كردووه‌ته‌وه.
خه‌ڵكى دهۆك چۆن سه‌یرى هونه‌رى شانۆ ده‌كه‌ن؟
به بڕواى من بۆچوونى خه‌ڵكى دهۆك له‌م ساڵانه‌ى دواییدا زۆر گۆڕاوه به‌رانبه‌ر شانۆ, خه‌ڵك ئێسته باشتر ده‌توانن بزانن شانۆ چییه و چى ده‌وێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵدانى ئه‌و هونه‌رمه‌ند و شانۆكارانهى شارى دهۆك كه توانیویانه دیوارى نێوان هونه‌رمه‌ند و بینه‌ر بشكێنن، به‌ڵام ده‌بێ ددان به‌وه‌شدا بنێم كه شانۆ نه‌بووه‌ته پێویستى بۆ ژیانى ئه‌وان.
كچى شانۆكار له پارێزگاى دهۆك و هه‌رێمى كوردستان به گشتى كه‌م ده‌بینرێت, بۆچى؟
وه‌ك ماركس ده‌ڵێت: كار و بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ گرێدراوى به‌رهه‌مى ئه‌وانه. واته له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى جووتیاریدا كه به ئه‌قڵى جووتیارى بیر ده‌كه‌نه‌وه، گۆڕین له كار و داهێنانى ئه‌واندا زۆر كه‌مه, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دهۆك و شاره‌كانى تر‌ى كوردستان ئێسته له رواڵه‌تدا سیمایه‌كى شارییان هه‌یه، به‌ڵام له ژێرخانى بیرى خه‌ڵكدا تا ئێسته گوندین و شانۆیش به‌رهه‌مى شاره، له‌به‌رئه‌وه وه‌ك هونه‌رێكى نه‌ناسراو تێكه‌ڵاوى ژیانى ئه‌وان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه له‌م ساڵانه‌ى دواییدا ژماره‌ى كچانى شانۆكار زیاتر بوون، به‌ڵام به‌پێی پێویست نییه.
شانۆ بۆ تۆ چییه؟
شانۆ بۆ من گه‌وره‌ترین خوێندگه‌یه و توانیویه‌تی كاریگه‌ریى گه‌وره له‌سه‌ر كه‌سایه‌تى و شوێن و بوونى من له‌ناو كۆمه‌ڵگه و خێزانمدا بكات, شانۆ بۆ من وه‌ك ئاوازێكى هه‌زاران ساڵه‌یه كه به‌رده‌وامه و زیندووه, خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه بتوانم له ژیانى خۆمدا به‌شێك بم له‌م ئاوازه نه‌مره‌ى مێژووى مرۆڤایه‌تى.