زیاتر له 10 مانگ به‌سه‌ر بوومه‌له‌رزه كاره‌ساتباره‌كه‌ی ساڵی رابردوو تێده‌په‌ڕێت كه زیانێكی زۆری به ژێرخانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و باڵه‌خانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان گه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌وكات بودجه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه ته‌رخان كرا، كه‌چی هێشتا هیچ پڕۆژه‌یه‌ك ته‌واو نه‌كراوه و به‌رپرسانی شارۆكه‌كه هۆكاره‌كه بۆ "رۆتینی له راده‌به‌ده‌ر ده‌گه‌ڕێننه‌وه".
به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی 12ی نۆڤێمبه‌ری 2017، زیانێكی زۆر به‌ر باڵه‌خانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان /66كم باشووری سلێمانی/ كه‌وت، له‌وانه‌ش نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی شه‌هید تۆفیقی ده‌ربه‌ندیخان و باڵه‌خانه‌ی نه‌خۆشخانه و پزیشكی دادوه‌ری زیانی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت و به ده‌یان باڵه‌خانه‌ی تری شارۆكه‌كه و ماڵی هاووڵاتییان زیانیان به‌ركه‌وت.
هه‌ر له ڕۆژه‌كانی یه‌كه‌می كارهساتهكهوه، سه‌رۆكی حكوومه‌ت و جێگره‌كه‌ی سه‌ردانی شارۆكه‌كه‌یان كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانی كۆ بوونه‌وه و شارۆكه‌كه به ناوچه‌ی كاره‌ساتبار ناسێنرا. له بودجه‌ی حكوومه‌تیش ڕاسته‌وخۆ بڕێك پاره بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه و قه‌ره‌بووی هاووڵاتییان ته‌رخان كرا جگه له كردنه‌وه‌ی كه‌مپینێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره و كۆمه‌ك و پێداویستی جۆراوجۆر و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر هاووڵاتییانی زیانلێكه‌وتوو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی دانیشتوانی شارۆكه‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه دواكه‌وتنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخانه، چونكه ئه‌و شوێنه‌ی ئێسته بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆش ته‌رخان كراوه، زۆر نه‌گونجاوه. له كاتێكدا نۆژه‌نكردنه‌وه و ته‌رخانكردنی بڕه بودجه‌ی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، هه‌ر له‌و سه‌ردانی سه‌رۆكی حكوومه‌تدا بڕیاری له‌سه‌ر درا و داوا كرا هه‌رچی زووتره نه‌خۆشخانه‌كه چاك بكرێته‌وه و بخرێته خزمه‌تی هاووڵاتییان، كه‌چی دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و ماوه زۆره، تازه ده‌ست كراوه به‌كاری نۆژه‌نكردنه‌وه و بڕیاره "ئه‌گه‌ر گرفت و كێشه سه‌ر هه‌ڵنه‌دات"، دوای پێنج مانگی تر ته‌واو بكرێت.
ناسیح مه‌لا حه‌سه‌ن قایمقامی ده‌ربه‌ندیخان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، دوای زیاتر له 10 مانگ ده‌ست كراوه به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی و هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌و ڕۆتینه زۆره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌رجه‌م داوده‌زگه حكوومییه‌كانی گرتووه‌ته‌وه.
ئه‌و ره‌تی ده‌كاته‌وه كه دواكه‌وتنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به به‌رپرسانی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه هه‌بووبێت و ده‌ڵێت، "هه‌موو بڕیار و دابینكردنێكی پاره له سه‌رۆكایه‌تیی و له هه‌ولێره‌وه‌یه، دوای رۆتینێكی زۆر له‌لای ئێمه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، له‌وێوه دارایی، پاشان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رۆكایه‌تیی و پاشان به‌هه‌مان رێڕه‌ودا ده‌گه‌ڕێته‌وه لای ئێمه و هه‌ر كامێكیشیان ماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه."
ناسیح مه‌لا حه‌سه‌ن ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت واژووی له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی پاره‌كه كردووه، به‌ڵام كێشه‌كه له خواره‌وه‌یه و له نێوان وه‌زاره‌ته‌كاندا رۆتین زۆره، ته‌نانه‌ت بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌ندیخان سه‌رۆكی حكوومه‌ت بودجه‌ی ته‌رخان كرد، كه‌چی له سلێمانی گرفتی بۆ دروست ده‌كه‌ن .
هاوكات سه‌عید حه‌مه سڵێمان به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه كه كاركردن له‌و باڵه‌خانه‌یه به‌هۆی ڕۆتینه‌وه دوا كه‌وتووه، له كاتێكدا ڕه‌زامه‌ندی له وه‌زاره‌تی دارایییه‌وه هاتووه‌ته‌وه، به‌ڵام سێ مانگه له نێوان پارێزگای سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی سلێمانیدا كاره‌كه وه‌ستاوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ته‌نده‌ردان و ڕاگه‌یاندن و ده‌ركردنی لیژنه و كاری تر.
ئه‌و ده‌ڵێت "قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و لایه‌نه‌كانی تری پێوه‌ندیدار به بابه‌ته‌كه‌وه، هه‌موویان به‌ئه‌ركی خۆیان هه‌ستاون، به‌ڵام وه‌ك باسمان كرد به‌هۆی ڕۆتینی زۆر و هێنان و بردنی مامه‌ڵه‌كان له نێوان وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كاندا، ناتوانرێ هیچ كارێك له‌كاتی خۆیدا جێبه‌جێ بكرێت".
ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره به پێویستی ده‌زانێ بۆ كاره‌ساته سروشتییه‌كانی وه‌ك بوومه‌له‌رزه و ئاگركه‌وتنه‌وه و لافاو، ده‌بێ له په‌رله‌مان و حكوومه‌ته‌وه یاسای تایبه‌تی هه‌بێت و بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكرێت، تیمی تایبه‌ت هه‌بێت و یه‌كسه‌ر ده‌ستبه‌كار بن و چاوه‌ڕێی رۆتین نه‌كرێ.
ده‌ربه‌ندیخان یه‌كێكه له‌و شارۆكانهی كه له شوێنێكی له‌باردا هه‌ڵكه‌وتووه و ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و خاوه‌ن دارستانی سروشتییه و ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕووباری سیروان، ئه‌و رووباره‌ی كه بۆ ده‌ربه‌ندیخان كه‌مترین سوود و زۆرترین زیانی هه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پیسبوونی ته‌واوی ئاوه‌كه‌یه به‌هۆی ئه‌و ژماره زۆره كارگه‌یه‌ی پاشماوه‌كانیان ده‌خه‌نه ناو رووباره‌كه. جگه‌له تێڕژانی ئاوه‌ڕۆ و زبڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی پارێزگای سلێمانی و شاره‌زوور بۆ ناو رووباره‌كه، ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی زۆر نه‌خۆشی له ناوچه‌كه‌دا.
وشه/ده‌ربه‌ندیخان- سه‌ربه‌ست قادر