خەڵاتە تاكییەكانی رۆناڵدۆ و میسی هی كامیان زیاترن؟

:: AM:11:59:24/09/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی ئامانجییەتی ئەمڕۆ دووشەم سێیەم خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان (THE BEST)ی تایبەتی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) بباتەوە بۆ ئەوەی جیاوازی خەڵاتە تاكییەكانی لەگەڵ ركابەرەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی زیاد بكات.

ئەمڕۆ دووشەم سەعات 9:30ی شەو بەكاتی كوردستان، فیفا ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی باشترینی 2018ی جیهان لە شاری لەندەنی پایەتەختی ئینگلتەڕا ئەنجام دەدات.

بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی 2018ی جیهان 3 یاریزان پاڵێوراون كە ئەوانیش برێتین لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ، لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی.

رۆناڵدۆ هیوای تەواوی بەوە هەیە كە ئەمڕۆ خەڵاتەكە دەباتەوە و بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك دەبێتە باشترین یاریزانی جیهان دوای ئەوەی وەرزی رابردوو باشترین ئاستی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید پێشكەش كردبوو، تاكە هەلی لاوازی ئەم ئەستێرەیە دەركردنی بوو لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال لە قۆناغی 16ی مۆندیالی 2018ی رووسیا كە لەبەرامبەردا مۆدریچ هەڵبژاردەی كڕواتیای گەیاندبووە قۆناغی كۆتایی پاڵەوانیەتییەكە.

رۆنالدۆ لە ماوەی ژیانی وەرزشیدا تا ئێستا 11 خەڵاتی تایبەتی گەورەی جیهانی بەدەستهێناوە، لەبەرامبەریشدا میسی تەنیا 8 خەڵاتی بردۆتەوە، ئەستێرە پورتوگالییەكە 5 جار خەڵاتی تۆپی زێڕین (باڵۆن دۆڕ)ی تایبەتی كۆواری (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی لە ساڵانی 2008، 2013، 2014، 2016 و 2017 بەدەستهێناوە، ئەم خەڵاتە بۆ ماوەی 6 ساڵ لە 2010 تا 2015 بەهاوبەشی لەگەڵ یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) دابەش دەكرا.

دوای جیابوونەوەی خەڵاتەكە لە ساڵی 2016، رۆناڵدۆ هەردوو ساڵ 2016 و 2017 خەڵاتی تۆپی زێڕینی بەدەستهێنابوو، هەروەها هەردوو ساڵەكەش خەڵاتی زە بێستی فیفای بردبووەوە.

رۆناڵدۆ هەروەها سێجاریش خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپا (یوفا)ی لە ساڵانی 2014، 2016 و 2017 بەدەستهێنابوو.

لەبەرامبەریشدا لیۆنێل میسی لە ساڵی 2009 هەردوو خەڵاتی تۆپی زێڕین و باشترین یاریزانی فیفای بردبووەوە، دواتریش لەگەڵ لێكدانی خەڵاتەكە لە ساڵانی 2010، 2011، 2012 و 2015 وەك باشترین یاریزانی جیهان دەستنیشان كرابوو، هەروەها 2 ساڵیش لە ساڵانی 2011 و 2015 وەك باشترین یاریزانی ئەوروپا دیاری كرابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م