كاندیدی یەكلایەنەی یەكێتی یەكڕیزی تێكدا و بڕیار خرایە دەستی شیعەكان

:: PM:12:03:24/09/2018 ‌
لە كاتێكدا جەختیان لەسەر بەرنامەی هاوبەش دەكرد، پۆستی سەرۆككۆمار پەردەی لەسەر ناكۆكییەكانی یەكێتی و پارتی لابرد و بڕیاری تاكلایەنەی یەكێتی لە دیارییكردنی كاندیدێك بۆ سەركۆمار، بڕیاری كوردستانی پێشكەشی هێزەكانی شیعە كرد. پارتی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەدات، سەرچاوەیەكیش دەڵێ هەردوو بەرەی شیعە دژی پارتی ناوەستنەوە.


دوای پارتی، یەكێتیش شاند دەنێرێتە بەغدا
دوای ئەوەی لە ناوخۆی كوردستان، سەرەتا بڕیار بوو بە ڕاوێژی سەرجەم لایەنەكان كورد كەسێك بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید بكات، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێ ڕاوێژ و پرس بە هیچ حزبێكی كوردستان تاكلایەنە كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرككۆمار ڕاگەیاند، ئەمەیش لە كاتێكدایە بەگوێرەی بەركەوتەی هەڵبژاردن ئەو پۆستە بە پشكی پارتی دادەنرێت، لە كارادنەوەی ئەم كارەی یەكێتیش وێڕای رەتكردنەوەی لەلایەن پارتی، ئەو حزبەی بە ئاراستەی پێداگیری لەسەر پۆستەكە رژدتر كرد و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەك كاندید راگەیاند.

لەناو كورد جگە لە بەرهەم ساڵح و فواد حوسێن، ئەوا شەش كەسی تر خۆیان تۆمار كردووە، ئەوانیش لەتیف رەشید، عومەر بەرزنجی، سروە عەبدولواحید، سەردار عەبدوڵڵا، سەلیم شوشكەیی و كوردێكی تری فەیلی.

پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ وەرگرتنی پشتگیری شیعەكان شاندێكی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی حزب رەوانەی بەغدا كرد و لەگەڵ سەركردەی یەكەمی لایەنەكانی شیعە كۆ بووەوە.

عەرەفات كەرەم سەرۆكی لیستی پارتی لە خولی پێشتری پەرلەمانی عێراق دەڵێ سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی ئەنجامی "ئەرێنی"  هەبووە پێوەند بە پۆستی سەرۆك كۆمار، گوتی "هەموو لیستەكان لە بەرژەوەندی كاندیدی پارتی دەنگ دەدەن".

هاوكات موحسین سەعدون پەرلەمانتاری خولی پێشتر دەڵێ پارتی بە دەستنیشانكردنی بەرهەم ساڵح شۆك بوو، چونكە رێككەوتن هەبووە لەنێوان هەردوو حزب یەك هەڵوێست بن، گوتی "ئێستەش گفتوگۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بە مەبەستی خستنەڕووی یەك كاندید".
 
فواد حوسێن، كەسایەتییەكی سیاسی كوردە و بێلایەنە، لە 2005ەوە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، سەرچاوەیەكی سیاسی كوردیش دەڵێ سەرچاوەی دەسەڵات لە كوردستان لای پارتییە،  ئەو حزبە خاوەن پێگەیەكی بەهێز و نەگۆڕە بە پێچەوانەی یەكێتی، كە لە دوا كۆبوونەوەی سەركردایەتی بۆ دەستنیشانكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، مەلا بەختیار كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر هەڵوێستی ئەو حزبە لە بەغدا دەكات
 
یەكێتی وێڕای ئەوەی نیگەرانە لە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، بەگوێرەی زانیارییەكان خۆیشی شاندێكی ناردوو بۆ بەغدا كە پێكهاتوون لە بافێل تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەمەبەستی دەستخستنی پشتگیری بۆ بەرهەم ساڵح.
عەبدولعەزیز حەسەن پەرلەمانتاری خولی پێشتر لە لیستی یەكێتی دەڵێ، ناكۆكی گەورە لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە لەسەر كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، ئەگەرچی هەردوو حزبەكە پێشتر كۆك بوون لەسەر یەكخستنی بۆچوونەكانیان لە دانوستاندنی پێكهێنانی حكوومەت.

هاوكات پەرلەمانتارێكی خولی پێشتر دەڵێ ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار كە كاریگەری لەسەر دەستكەوكانی كورد هەیە لە بەغدا.

گوتی "ململانێیەكە تەنیا لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار نییە، بەڵكو ململانێیەكە لە ناوخۆی كوردستانە و زانیاری هەیە كە دوو سەركردەی یەكێتی لە ماوەی نزیكی داهاتوودا لە یەكێتی جیا ببنەوە".


سەردانی شاندی باڵای پارتی و یەكێتی بە جیاواز بۆ بەغدا، بەلای چاودێران ترسی ئەوەی لێدەكرێت سازش لەسەر دەستكەوتەكانی كوردستان بكەن كە پێشتر شاندی هاوبەشی هەردوو حزبەكە لە سەردانەكانیان بۆ بەغدا زۆر بە توندی پێداگیرییان لەسەر كردووە.

  
شیعەكان چی دەڵێن؟
ئەگەرچی گوشارێكی زۆر هەیە دانیشتنی سبەی پەرلەمان دوا بخرێت، بۆ ئەمەش پارتی بە ئاشكرا كاری بۆ دەكات و لایەنە شیعەكان و سەرۆكی پەرلەمانیش نایەوێت دژی خواستی پارتی بوەستێتەوە بەو پێیەی 25 كورسی پەرلەمانی هەیە و دەتوانێت چارەنووسی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو لەنێوان هەردوو بەرەی شیعە یەكلایی بكاتەوە.

محەمەد جەمیل سەركردە لە رەوتی حیكمە دەڵێ، هێشتا لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بڕیاریان نەداوە، ئەوەی بەلای رەوتی حیكمە گرنگە ئەوەیە كە كورد ریزەكانیان یەك بخەن و یەك كاندید پێشكەش بكەن، ئەگەر ئەوە نەكەن ئەوا رەوتی حیكمە هەڵوێستی خۆی لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار دەستنیشان  دەكات.

گوتی "ئەگەر كورد نەگەنە رێككەوتن، ئەوا سیناریۆی هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارە قورسترە، چونكە پێویستی بە دەنگی زیاترە".

هاوكات سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە گوشاری گەورە هەیە لەلایەن لیستی جیاوازی پەرلەمانی بۆ دواخستنی پرسی دەستنیشانكردنی سەرۆككۆمار لە دانیشتنی سبەی سێشەم، بەهۆی نەبوونی رێككەوتن لەنێوان هێزە كوردییەكان لەسەر كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح، كە جگە لە پارتی ئەوا گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی دژی بەرهەم ساڵح وەستاونەتەوە.
 
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی یاسایی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات وێڕای ئەوەی لایەنە كوردستانییەكان گوشار دەكەن ئەو پرسە دوابخرێت، ئەوا هەردوو مەعەسكەری شیعەكانیش لە ئێستەدا نایانەوێت دژی خواستی پارتی بوەستنەوە بەوەی 25 كورسی پەرلەمانی هەیە، بەوەی دەتوانێت باڵانسی هێز بەلای یەكێكیان بگۆڕێت.

چاوەڕوان دەكرێت سبەی سێشەم پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بكاتەوە، تا ئێستە ئەوەی لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە تەنیا كورد هەشت كاندیدی هەیە و كۆی گشتی كاندیدەكانیش نزیكن لە 20 كاندید. بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆك كۆمار دەبێت دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان بەدەست بهێنێت، واتە 220 دەنگ لە كۆی 329 ئەندامی پەرلەمان، لە ماوەی 30 رۆژ دوای یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان دەبێت دەستنیشان بكرێت.



وشە - فه‌رمان سادق