سبەی ساڵێك بەسەر ریفراندۆمی 25ی ئەیلول/ سێپتێمبەر تێدەپەڕێت، لەم ماوەیەدا كۆمەڵێك رووداوی زۆر گەورە روویانداوە، لە سەرووی هەموویان رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرە كە تەنیا 21 رۆژ دوای ریفراندۆم بوو، ئەویش بە كشانەوە و رادەستكردنی شاری كەركووك بوو كە هاوشانی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان بەشداری لە ریفراندۆم كرد بوو.
دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان، كە تەنیا بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە كۆبوونەوەكان نەكرد، زۆرینەی حزبەكانی كوردستان لە حەوتی حوزەیرانی 2017، بڕیاریدا رۆژی 25ی ئەیلول، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدرێت.
بڕیاری هێزە سیاسییەكانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستی بە دەركردنی یاسا هەبوو، ئەمەش وایكرد پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی تریش، بێ رێككەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان بدەن، كە دواتر لە 15ی ئەیلول، پەرلەمانی كوردستان یەكەم دانیشتنی خۆی دەستپێكردەوە و پاشان یاسای تایبەتی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی دەركرد.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستان، دوای ئامادەكارییەكانی لە وادەی دیاریكراودا، یەكەمین ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستانی ئەنجامدا كە ئەمە یەكەمین كاری ئەو كۆمسیۆنە بوو لە دوای دروستبوونی.
بەگوێرەی ئامارەكانی لەبارەی ریفراندۆمی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆن بڵاوكرایەوە، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 935 كەس بەشداریان لە پڕۆسەكە كردووە كە دەكاتە 92.72%. لەو ژمارەیە، دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 كەس بە بەڵێ دەنگی داوە و 224 هەزار و 464 كەسیش بە نەخێر و 219 هەزار و 990 دەنگیش پووچەڵ بوو، بەمەش زیاتر لە 92%ی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆی كوردستان داوە.
دوای ساڵێك بەسەر ریفراندۆم، بارزانی ئەندازیاری ریفراندۆم دەڵێ رەنگە هەندێك پێیان وابوو بێت كاتەكەی هەڵە بوو، بەڵام بە "بۆچوونی من و بۆچوونی سێ ملیۆن كەس لە كوردستان، ئەوا بڕیارێكی دروست بووە، یاسایی و دەستووری بوو، مافێكی سروشتی گەلی كوردستان بووە".
بارزانی ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ ئەنجامدانەوەی راپرسییەكی تر لەبارەی ئەوەی بڕیارەكە هەڵە بووە یان نا، خەڵكی كوردستان پەشیمان بوونەتەوە یان نا. لە بارەی هەڵوێستی توركیا و ئێران و وڵاتانی تریش، بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر لە داهاتووش ریفراندۆم بكەینەوە ئەوا ناچین داوای رەزامەندیان لێ بكەن، ریفراندۆم گەلی كوردستان بڕیاری لێدەدات، گوتی "لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نەچووینە ئەو وڵاتانە بۆ وەرگرتنی رەزامەندی، لە داهاتووش ئەوە ناكەین".
بارزانی ئاشكرای كرد پێش ریفراندۆم قاسم سولێمانی سەركردەی فەیلەقی قودس سەردانی هەولێری كردووە و لەگەڵیدا كۆ بووەتەوە و داوای دواخستنی كردووە، بەڵام داواكەی رەتكرایەوە، گوتی "بڕیاری ریفراندۆم، بڕیارێكی تەواو كوردی بووە، تەنانەت ئەمەریكاش هیچ رۆژێك نەیانگوتووە پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەین، باسی ئەوەشیان نەكردووە كە دژی دەوەستینەوە".
هەفتەیەك دوای ریفراندۆم، لە سێی ئۆكتۆبەر مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق و سكرتێری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە ئەڵمانیا گیانی سپارد، پاشان بە فڕۆكەیەكی تایبەت گەیەنرایەوە سلێمانی و لە حەوتی هەمان مانگ پرسەی بۆ دانرا و بارزانی بەشداری لە پرسەكەدا كرد و زۆرێك لە سەركردەكانی عێراقی و بالوێز و كونسڵ و شاندی وڵاتان بەشداریان لە پرسەكەیدا كرد.
بەڵام 13 رۆژ دوای كۆچی مام جەلال، واتە لە 21 رۆژ دوای ریفراندۆم بە دیاریكرای لە 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك لەلایەم گرووپێكی خیانەتكارەوە كە لە ڕیزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون درایە دەست حەشدی شەعبی، وەك پارتی و كۆسرەت ڕەسوول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتی و مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەوكات بە بەیاننامەی فەرمی دووپاتیان كردەوە، كە 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتێكی نیشتمانی بوو، بەشێك لە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئەنجامیاندا بە رێككەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران.
پێش هێرشی سوپای عێراقی بۆ سەر كەركووك، پەرلەمان و حكوومەتی عێراقی دەیان بڕیاریان دژ بە هەرێمی كوردستان دەركرد كە دیارترینیان داخستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان بوو كە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە، لەگەڵ داخستنی دەروازە سنوورییەكان لەگەڵ توركیا و ئێران، بەڵام توركیا بەو بڕیارە پابەند نەبوو، ئێرانیش جار جارە دای دەخست و پاشان ئەویش پێیەوە پابەند نەبوو.
دوای داگیركردنی كەركووك، سوپای عێراق و میلیشیاكانی حەشد لە تەواوی ناوچەكانی سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق، لە شنگالەوە تا خانەقین، جولەی بە هێزەكان كرد و هێرشێكی بەرفراوانی ئەنجامدا، لە دەرئەنجامدا هێزەكانی پێشمەرگە بە بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كورد زۆرینەی ئەو ناوچانەیان چۆڵ كرد بۆ خۆ دوورگرتن لە شەڕ لەگەڵ سوپای عێراق.
میلیشیاكانی حەشد و سوپای عێراق لە پێشڕەوی بەردەوام بوون بەرەو هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەولێر و دهۆك، ئەوەبوو لە شارۆكەی پردێ لە 18ی ئۆكتۆبەر، دوو رۆژ دوای داگیركردنی كەركووك، شەڕێكی قورس لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق روویدا، دوای چەند سەعاتێك لە شەڕ كە تانكی ئەبرامزی ئەمەریكیش لەلایەن سوپای عێراقەوە بەكار هێنرا بوو، بە تێكشاندنی ئەو تانكە لەلایەن پێشمەرگەوە كۆتایی بە شەڕەكە هات و سوپای عێراق شكستی هێنا لەوەی بەرەو هەولێر پێشڕەوی بكات.
لە 26ی ئۆكتۆبەریش، لە سحێلا سوپا و میلیشیاكانی حەشد هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بە ئامانجی ئەوەی بەرەو دهۆك پێشڕەوی بكات، بەڵام لەوێش شكستی هێنا، بەو دوو شكستەش چیتر سوپا و میلیشیاكانی حەشد هێرشیان بەرەو هەرێمی كوردستان نەهێنا.
هەرچەندە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێك تێپەڕی بەهۆی سزا ئابووری و سیاسییەكانی حكوومەتەكەی عەبادی، بەجۆرێك پەكی كەوت بوو، نەیدەتوانی چارەگە مووچەش بە فەرمانبەران بدات، ئەمەش كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر خەڵكی كوردستان دروستكرد و بازاڕ و جولەی بازرگانی و وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستانی تەواو پەكخست، بەڵام خەڵكی سەربڵندبوون بۆ یەكەمجار لە مێژوو توانیان مافی چارەی خۆنووسین پێڕەو بكەن و بە ئازادانە بڕیار لە داهاتوو و چارەنووسی خۆیان بدەن.
سبەی ساڵێك بەسەر ریفراندۆم تێدەپەڕێت، هەرێمی كوردستان، لە هەڵبژادنی عێراق كورد سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا و لە ڕووی پێوەندییەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پێوەندییەكانیش لەگەڵا بەغدا دۆخەكە بەرەو پێشەوە دەچێ و دۆخی ئابووریش رۆژ دوای رۆژ باشتر دەبێت، بەجۆرێك بەهۆی ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، هەولێر لەگەڵ تاران و ئەنقەڕە، جولەی بازرگانی و وەبەرهێنان دەستی پێكردووەتەوە و حكوومەتی عێراقیش مانگانە بڕی 317 ملیار دینار وەك مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت بۆ كوردستان كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تێكەڵكردنی لەگەڵ بڕی داهاتی ناوخۆ و بەشێك لە داهاتی فرۆشی نەوت، مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی مانگانە دابین دەكات و پێداچوونەوەشی بە بڕی پاشەكەوت كردووە.
بارزانی لە بارەی دۆخی ئێستەی هەرێمی كوردستان و پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا دەڵێ، دۆخەكە ئێستە بەرەو باشی دەڕوات، لەسەر زۆر شت رێككەوتن كراوە و لەسەر ئەوانی تریش گفتوگۆ هەیە.
هەر دوای ریفراندۆم و كردنەوەی دەرگای پەرلەمان، دانیشتنەكان بەردەوامی هەبوو، پەرلەمانیش 10 مانگ تەمەنی خۆی درێژكردەوە بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر بۆ 30ی ئەیلولی ئەم مانگە.
پاشان لە 29ی ئۆكتۆبەر، بارزانی لە نامەیەكیدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەهۆی تەواوبوونی وادەی سەرۆكایەتییەكەی لە یەكی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، دەستلەكار كێشانەوەی خۆی راگەیاند و پەرلەمانی كوردستانیش دەسەڵاتەكانی بەگوێرەی پسپۆڕی بەسەر خۆی و ئەنجوومەنی وەزیران و دەسەڵاتی دادوەری دابەشكرد.
بازرانی ئەوە رەتدەكاتەوە دەستهەڵگرتنی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەستكردن بێت بە بەرپرسیاریەتی شكستی ریفراندۆم، ئەو دەڵێ ئەگەر ریفراندۆمم پێ شكست بووایە ئەوا داوای لێبووردنم لە گەلی كوردستان دەكرد، گوتی "كاتە یاساییەكەی تەواو ببوو، هەستم كرد هەر درێژكردنەوەیەك زیان بە كەسایەتی و مێژووی خەباتم دەگەیەنێت".
لێكەوتەكانی دوای ریفراندۆم كە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و ساختەكارییەكەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بەدوادا هات، دوو زەقترین لەمپەر بوون لەوەی هێزە كوردستانییەكان نەتوانن یەك گوتار بن بەرانبەر بە بەغدا و بڕیاری پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی بدەن.