جەنگی بازرگانی دوو زلهێزەكە.. چین بەرانبەر ئەمەریكا چۆك دادەت؟

:: PM:05:07:24/09/2018 ‌
تا دێت جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكا گەورەتر دەبێت و قەبارەی زیادكردنی باج لەنێوان هەردوو وڵات 300 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەرزبوونەوەی بەهای پشكەكان لە ئەمەریكا لای چاودێرانی ئابووری بە بەڵگەی دادپەروەرانە بوونی جەنگی بازرگانی دژ بە چین دادەنێن، شارەزایەكیش دەڵێ ئەگەر تێكڕای گەشەی ئابووری ئەمەریكا بگاتە 3% ئەوا ترەمپ دەست لە جەنگەكە هەڵدەگرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئەیلول/ سێپتێمبەر، زیادكردنی باج لەلایەن ئەمەریكا بۆ سەر كاڵای چینی كە كۆی گشتی بەهایەكەی دەگاتە 200 ملیار دۆلار، دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هاوكات چینیش لای خۆی بە بەهای 60 ملیار دۆلار باجی خستووەتە سەر كاڵای هاوردەی ئەمەریكی، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر هەردوو دەوڵەت بە بەهای 50 ملیار دۆلار باجیان خستبووە سەر كاڵای یەكتری.

دیارترین ئەو كاڵا دروستكراوانەی وڵاتی چین كە ئەمەریكا باجی لەسەر زیاد كردوون، خۆی لە پێویستییەكانی كارەبا، ئامێرەكانی پەیوەندی ئینتەرنێتی دەبینێتەوە، هاوكات دیارترین ئەو كاڵا ئەمەریكییانەی چین باجی لەسەر زیادكردوون خۆی لە گازی شلی سروشتی، دار، كەلوپەلی ئەلیكترۆنی، زەیتی نەعنەع، پێستی گیانداران و زبدەی كاكا دەبینێتەوە.

زیادكردنی باج لەسەر كاڵای یەكتری هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان پەكین و واشنتن لەبارەی دووبارە نووسینەوەی رێككەوتنی بازرگانی ئازاد، كە تا ئێستە هەردوو وڵات دووجار لەگەڵ یەكتری دانیشتنیان كردووە و هێشتا كاتی دانیشتنی گفتوگۆی سێیەم دەستنیشان نەكراوە.

میدیای ئەمەریكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چین بڕیاریداوە لیو خە جێگری سەرۆك وەزیران رەوانەی واشنتن نەكات بۆ گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنی نوێ، دەڵی چین باوەڕی بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر بازرگانی ئازاد نەماوە.

ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسانی ئەمەریكی جەخت لە بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ چین دەكەن بە مەبەستی گەیشتن بە دەرئەنجامێكی ئەرێنی.

چاودێرانی ئابووری كۆكن لەسەر ئەوەی بەردەوامیدان بەو ململانێیە لەنێوان هەردوو زلهێزەكەی دنیا ئەوا كاریگەری و لێكەوتەی ئابووری نا ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری جیهانی لێدەكەوێتەوە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە حكوومەتی پەكین ئەمڕۆ دووشەم بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بە نا سەقامگیری ئابووری و بازرگانی لەنێوان چین و ئەمەریكا دەكات، بەرپرسانی چین دەڵێن ئەمەریكا كۆمەڵێك تۆمەتی بۆ ئەوان هەڵبەستووە، واشنتن لە چوارچێوەی سیاسەتی "ئەمەریكا یەكەمجار" دەستی بردووە بۆ بەرزكردنەوەی باج لەسەر كاڵای چینی بە مەبەستی سەپاندنی بەرژەوەندییە تایبەتەییەكانی لە رێگەی بەكارهێنانی گوشارێكی زۆر بەهێز.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكە، ئەوا ئەمەریكا لە 2017ەوە دەستبەرداری تەواوی پێوەرە بنەڕەتییەكانی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی بووە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمەریكا یەكەمجار، لەوانە رێزگرتن لە ئاڵوگۆڕ و راوێژكاری بەشێوەی یەكسان، هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئابووری جیهانی.

بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەكە هاوكاتە لەگەڵ جێبەجێكردنی زیادكردنی باج بە بەهای 200 ملیار دۆلار لەسەر كاڵای هاوردەی چینی بۆ بازاڕەكانی ئەمەریكا، لە بەرانبەریشدا چین بە رێژەی 5 بۆ 10% باجی لەسەر پێنج هەزار و 200 كاڵای ئەمەریكی داناوە كە كۆی گشتی باجەكە دەگاتە 60 ملیار دۆلار.

ماوەی چەند مانگێكە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا داوا لە چین دەكات دەستبەرداری ئەو جۆرە بازرگانییە ببێت كە پێی وایە پاك نییە، بەتایبەت ناچاركردنی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كە ویستیان هەیە بەشداری بازاڕەكانی چین ببن، بەڵام حكوومەتی پەكین مەرجی ئەوەیان لەسەر دادەنێت كە دەبێت پیشەسازییەكە لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكانی چین بكەن بە نیوە، ئەمەش لای كۆشكی سپی "دزینی" خاوەنداریەتی هزرییە.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ جەنگی بازرگانی كە چین دژ ئەمەریكای هەڵگیرساندووە ماوەی چەند ساڵێكە بەردەوامی هەیە، گوتی "لەو جەنگەدا بە ئەنجامێك دەگەین كە چین ناچار بكەین كە چیتر وەك هێزێكی ئابووری جیهانی مامەڵە نەكات، چیتر رێ نادەین مافی خاوەنداریەتی هزری ئێمە بدزن".

جێی باسە لە مانگی ئادار/ مارسی رابردوو كۆشكی سپی رسوماتی گومرگی زۆر توندی خستووەتە سەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم كە رێژەكەی دەگاتە 10 بۆ 25%، بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.
 
پێوەند بەو پرسە، دامەزراوەی فیتچ بۆ پۆڵینی گەشەپێدان دەڵێ جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكا بووەتە ئەمری واقیع، تەنانەت زیاتر قوڵ دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان ئەو دوو وڵاتە نییە.

دامەزراوەكە ئەوەش دەخاتەڕوو سیاسەتی پارێزگاری بازرگانی ئەمەریكا، گەیشتووتە خاڵێك كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر گەشەی جیهانی دەبێت، ئەوەش دەخاتەڕوو كە چین گەشەی ئابووری بە رێژەی 6.1% كەم دەكات، بەڵام گەشەی ئابووری جیهانی لە ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 3.1% زیاد دەكات، كە ئەو رێژەیە بە بەراورد بە رێژەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوو هەمان دامەزراوە بڵاوی كردبووە، 0.1% كەمی كردووە. 

 
تا ئێستە جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریكا كاریگەری لەسەر بازاڕی پشكەكانی ئەمەریكا دروست نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونێك پێدەچێ رێڕەوەكانی ئەمەریكا گەورەترین زیان لەو جەنگە بكەن.

كورت ناگل سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ دەسەڵاتەكانی رێڕەوەكانی ئەمەریكا دەڵێ بەرزكردنەوەی باج بە رێژەی 10% گەورەترین زیان بكەن كە رەنگە داهاتەكەی بگاتە 160 ملیار دۆلار لە قازانجی ساڵانەدا.


   
پێوەند بەو پرسە جیم پۆڵسن بەرپرسی داڕشتنی ستراتژی وەبەرهێنان لە گروپی لیتولد دەڵێ بەرزبوونەوەی بەهای پشكەكانی بانكەكان لە ئەمەریكا دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی داهاتی قەواڵەی دارایی وەزارەتی دارایی ئەمەریكا بۆ بەرزترین ئاستی لەمساڵدا.
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە بازاڕەكان جەنگی ئابووری پشتگوێ دەخەن ئەگەر هاتوو ئەو جەنگە بەردەوامی هەبێت، لەمەشدا ئەمەریكا قازانجی زۆر دەكات.

پۆڵسن پێی وایە ئەگەر لەو جەنگەدا تێكڕای گەشەی ئابووری ئەمەریكا لە 3% كەمتر بكات، ئەوا دۆناڵد ترەمپ جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین دەوەستێنێت. 
 
لای خۆیەوە دەیڤد دی گاریس بەڕێوەبەری ئابووری و بازاڕ لە بانكی ئوستراڵیای نیشتمانی دەڵێ وەبەرهێنەران ئێستە زیاتر متمانەیەان بە ئابووری ئەمەریكا هەیە، لەم ماوەیەشدا ئابووری ئەمەریكا باش گەشەی كردووە.

هاوكات محەمەد عریان ئابووریناسی ئەمەریكی میسڕی پێی وایە بەرزبوونەوەی بەهای پشكەكان لە بازاڕەكانی ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوودا بەڵگەی ئەوەیە كە بازاڕ هەست دەكات ئیتر ئەو سیاسەتەی ترەمپ گرتوویەتییەبەر لە جەنگی نێوان دوو گەورە زلهێزی ئابووری جیهانی، بە ئامانجی رێكخستنەوەی سیستەمی بازاڕی ئازاد لەگەڵ چین، زیاتر دادپەروەرانەیە.

 



وشە - فه‌رمان سادق