دەست بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان دەكرێ‌

:: PM:07:32:24/09/2018 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان دەكات ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی ئەمڕۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران بە كۆتا هات.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی كەوتووە سبەی سێشەم 25ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، دەست بە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی دەكرێ‌ و ڕۆژانی دواتریش مووچەی خانەنشینی شارستانی دابەش دەكرێ‌.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی پێنجی مانگەوە دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە و تا ئێستە دابەشكردنەكە بە كۆتا نەهاتووە. چەند مانگێكە هەوڵ دەدرێ‌ 30 ڕۆژ جارێك مووچە بە فەرمانبەران بدرێت.

بەقسەی وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران پشت بە دوو جۆر داهات دەبەستن كە یەكێكیان داهاتی نەوت و ناوخۆییە و ئەوەی تریش بڕی ئەو 317 ملیارەیە كە لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێ‌.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم