سەرۆكی حكوومەت: بەزوویی پاشه‌كەوتی مووچە هەڵدەگرین

:: AM:09:36:25/09/2018 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لە دانانی پڕۆژەی دووسایدی ڕێی ڕۆڤیا و گۆپاڵ كرد و ئاشكرای كرد، ئەوە تەنیا پرۆژەیەك نییە بۆ شوێنەكە، لە داهاتوودا پڕۆژەی تریشمان بۆ شوێنەكە دەبێت، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن به‌ زوویی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ هه‌ڵبگرن.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتی دانانی بەردی بناغەی ڕێی ڕۆڤیا و گۆپاڵ گوتی، ئەم پڕۆژەیە دەستپێكی دەست پێكردنەوەی پڕۆژەكانە، ئەو پڕۆژەیە 22 كیلۆمەتر دووجایە، شەش ئۆڤەر پاس هەیە و شەش شوێنیش پەڕینەوە بۆ ئاژەڵان كراوە نووسراوە بە 900 ڕۆژ تەواو بكرێت، بەڵام زووتریش تەواو دەبێت. 

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، بڕی 80 ملیۆن دۆلار بۆ دابین كراوە بۆیە دەزگا حكوومییەكان دەبێت زۆر چاودێری كارەكان بكەن، كاتێك پڕۆژەكان دروست دەكرێن پێویستە ژێرخانی پڕۆژەكان ڕێك بێت بە كوالێتی باشتر بێت.

ئاشكرای كرد، ئەو پڕۆژەیەی ئەمڕۆ بەردی بناغەی بۆ دادەنێین، دوو ڕۆژ پێش ئێستە پارێزگاری دهۆك دوو پڕۆژەی تری ڕاگەیاند لە سنووری ئاكرێ‌ و شارۆكەی بەردەڕەش، بۆیە هیوادارین بەزوویی كارەكانیان دەست پێ‌ بكرێت و تەواو بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوت، ڕاستە پڕۆژەكانی حكوومەت بەشێوەی پێویست نەبووە بۆ ئەم دەڤەرە، بەڵام دڵنیابن پڕۆژەی ترمان هەیە كە گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزار و توانا ئابوورییەكانی ئەوناچەیە دەدەین و بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت.

باشتربوونی دۆخی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق مانای وایە دەبێ زیاتر گرنگی بەو شوێنانە بدرێت و گوندەكان زیاتر هان بدرێن بە پڕۆژەكان تا ببووژێنەوە، هەروەها ئەم پڕۆژەیە كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر بووژانەوەی ناوچەكە، لە داهاتووشدا پڕۆژەی ترمان دەبێت، هەروەها هەوڵ دەدەین پاشكەوتی مووچە نەهێڵین بەزووترین كات. نێچیرڤان بارزانی وای گوت.



وشە - رامیار جەواد