نەوت بەرزترین نرخی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو تۆمار كرد

:: AM:10:03:25/09/2018 ‌

نرخی نەوت بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و لە دوێنێ بەیانییەوە كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕ بۆڕسە كراوەتەوە، نزیكەی سێ دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێكی هەڵكشاوە.

ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 81 دۆلار و 56 سەنت دەفرۆشرێت كە بەرزترین نرخی نەوتە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا. لە تشرینی دووەمی ساڵی 2014 نەوت بەم نرخە دەفرۆشرا و ئەوكات بازاڕی نەوت كە پێشتر لە سەرووی 100 دۆلار بوو رووی لە دابەزین كردبوو، بەڵام بە پێچەوانە ئێستە رووی لە بەرزبوونەوەدایە.

هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك دواجار بە 78 دۆلار و 60 سەنت داخرا، كەچی ئێستە بە 81 دۆلار و 56 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx نەوتی ئەمەریكیش لە 70 دۆلار و 69 سەنتەوە هەڵكشاوە بۆ نزیكەی 72 دۆلار و 28 سەنت. تا زیاتر لە مانگی تشرینی دووەم نزیك دەكەوێنەوە نرخی نەوتیش زیاتر كاریگەریی وەردەگرێت. 

نرخی نەوت لەكاتێكدا بەرز دەبێتەوە كە ئۆپێك خەریكی تاوتوێكردنی ئەوەیە بە چ شێوەیەك سیاسەتی هەناردەی نەوت بۆ قۆناغی سزاكانی سەر ئێران رێك بخات. تا ئێستە ئۆپێك لەسەر ئەوە ساغ نەبووەتەوە بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكات و ئەمەش هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

چاودێرانی بازاڕی نەوت پێشبینی ئەوە دەكەن ئەگەر ئەمەریكا رێ نەدات نەوتی ئێران بفرۆشرێت، ئەوا نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان