له‌گه‌ڵ زۆربوونى هه‌وادارانى هونه‌رى فۆتۆگرافى، كردنه‌وه‌ى په‌یمانگه‌یه‌ك به پێویست ده‌زانرێت و فارس سه‌عدى كه هونه‌رمه‌ندێكى ناسراوى بوارهكهیه، بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "كارم كرد بۆ ئه‌وه‌ى پهیمانگهیهكى تایبه‌ت به فۆتۆگرافى دابنێم، به‌ڵام به‌هۆى بارودۆخى كوردستان وازم له‌م پڕۆژه‌یه هێنا".
وه‌ك تێبینى ده‌كرێ و شاره‌زایانى بواره‌كه ددانى پێدا ده‌نێن، هونه‌رى فۆتۆگرافى ئێسته له‌لاى گه‌نج] كوردستان له لووتكه‌دایه و رۆژ دواى رۆژ بره‌و ده‌ستێنێ، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندان هۆكار هه‌یه. ئاسۆ كه‌ریم كه پێشتر سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌یه‌كى تایبه‌ت به فۆتۆگرافه‌ران بووه و ئێسته‌ش خۆى خاوه‌نی سه‌نته‌رێكه، بۆ "وشه" باسى له‌و هۆكارانه كرد كه وایان كردووه، ئه‌م هونه‌ره له كوردستان به خێرایى گه‌شه بكات.
ئاسۆ كه‌ریم گوتى، "زیادبوونی فۆتۆگرافه‌ر بۆ ئه‌م توانا زۆره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێسته بۆ هونه‌رمه‌ندانی بواره‌كه ره‌خساوه، جگه له‌وه‌ی فۆتۆگرافى هونه‌رێكه وه‌ك زانستیش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێـت، ئه‌م هۆكاره‌ش جۆش و خرۆشی ئاره‌زوومه‌ندانی زیاتر كردووه، هه‌روه‌ها كردنه‌وه‌ی چه‌ند كۆگایه‌كی تایبه‌ت به كه‌لوپه‌لی كامێرا كاره‌كه‌ى ئاسانتر كردووه، پێشتر ئه‌و كه‌لوپه‌لانه ته‌نیا له ده‌ره‌وه په‌یدا ده‌بوون".
ئاسۆ و چه‌ندان كه‌سى تر‌ى بواره‌كه نكۆڵى له‌وه ناكه‌ن كه تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی هۆكارێكى سه‌ره‌كى بوون وایان كرد به هه‌زاران گه‌نج له كوردستان خواستیان بۆ ئه‌و هونه‌ره هه‌بێت، بۆیه ئێسته چه‌ندان كۆمه‌ڵه و سه‌نته‌ر له كوردستان بۆ كارى فۆتۆگرافى دامه‌زراون. ئاسۆ گوتى، "هێنده‌ی من ئاگادار بم، نزیكه‌ی شه‌ش سه‌نته‌ر و ڕێكخراو له بوارى فۆتۆگرافى هه‌ن".
ئه‌و هونه‌رمه‌نده باس له‌وه ده‌كات كه گه‌شه‌سه‌ندنى ئه‌م هونه‌ره وای كردووه چیتر فۆتۆگرافى وه‌ك پاشكۆى هونه‌ره‌كانى تر و بواره‌كانى تر سه‌یر نه‌كرێت، له‌م روانگه‌یشه‌وه دامه‌زراندنى په‌یمانگه‌ى تایبه‌ت به هونه‌رى فۆتۆگرافى به پێویست ده‌زانێت و ده‌ڵێ "به‌داخه‌وه فۆتۆگرافى كۆتا هونه‌ر بوو دوای هه‌موو هونه‌ره‌كانی تر گه‌یشته كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه، بۆیه تا ئێسته پسپۆڕیی ته‌واومان لێی نییه و كه‌سیش خۆی به خاوه‌نی هونه‌ره‌كه نه‌زانیوه تا له په‌یمانگه یا كۆلیژه‌كان به‌شێكی تایبه‌تی بۆ بكرێته‌وه".
محه‌مه‌د شوانى گه‌نجه و به‌شێوه‌یه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌ستى بۆ كارى فۆتۆگرافى بردووه، بۆ "وشه" دووپاتى ده‌كاته‌وه، جیا له لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ى، بیرى له‌وه كردووه‌ته‌وه وه‌ك كارێكیش بۆ په‌یداكردنى بژێوى سه‌یرى هونه‌ره‌كه‌ى بكات، بۆیه دواى چه‌ند خولێك محه‌مه‌د شوانى له یه‌كێك له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان كارى دۆزیوه‌ته‌وه و كار ده‌كات.
ئه‌و فۆتۆگرافه‌ره گه‌نجه خوازیارى ئه‌وه‌یه هاوشێوه‌ى هونه‌ره‌كانى تر, پهیمانگهیهكى تایبه‌ت به هونه‌رى فۆتۆگرافى هه‌بێت، تا زیاتر تواناكانى خۆى به‌ره‌وپێش ببات.
ئه‌و چه‌ند فۆتۆگرافهرهى قسه‌یان بۆ "وشه" كرد، ئاماژه‌یان به‌وه دا، له چه‌ند ساڵى رابردوودا هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندانى بوارى فۆتۆگرافى هه‌وڵیان داوه په‌یمانگه‌یه‌ك دابمه‌زرێنن، به‌ڵام ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ى ئه‌وان بیریان لێ كردووه‌ته‌وه "ئه‌هلى" بووه، بۆ ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یان به‌ناوى هونه‌رمه‌ندى دێرینى بوارى فۆتۆگرافى فارس سه‌عدى كرد.
له به‌رانبه‌ردا فارس سه‌عدى بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر پڕۆژه‌ى دامه‌زراندنى پهیمانگهیهكى ئه‌هلى هه‌بووه و به‌گوته‌ی خۆی "ته‌نانه‌ت ئۆفیسم دانا و داواشم پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده كرد و پێشتریش میتۆدى خوێندنه‌كه‌م بۆ دانابوو، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و بارودۆخه‌ى به‌سه‌ر كوردستان هات، له نیوه‌ى رێ وازم له پڕۆژه‌كه هێنا، بۆیه نه‌گه‌یشته مۆڵه‌ت وه‌رگرتنیش، به‌جێم هێشت".
ئاسۆ كه‌ریم وێڕاى ئه‌وه‌ى پێی وایه بوونى په‌یمانگه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر ئه‌هلیش بێت هه‌نگاوێكى باشه بۆ هونه‌رى فۆتۆگرافى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێبینى له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه هه‌یه و ده‌ڵێ، "باوه‌ڕ ناكه‌م، ئه‌م جۆره په‌یمانگه‌یه زۆر گۆڕانكاری له خزمه‌تی هونه‌ره‌كه‌دا دروست بكات، چونكه ده‌بێ میتۆد و بهرنامهداڕێژى بۆ بكرێت و پسپۆڕانى بواره‌كه تێیدا كار بكه‌ن، بۆیه گرنگه په‌یمانگه هه‌بێت، به‌ڵام به پێوه‌ره شایسته‌كانى هونه‌ره‌كه بێت".