شەوی ڕابردوو ڕووناكییەكی سەیر لە ئاسمانی كوردستان بینراوە

:: AM:10:23:25/09/2018 ‌
ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان باس لە بوونی ڕووناكییەكی سەیر دەكەن لە ئاسمانی كوردستان شەوی ڕابردوو بینراوە، بەرپرسێكی كەشناسی ڕوونكردنەوە لەسەر ڕووناكییەكە دەدات.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی ئەیلوول، ئەژی چەتۆ بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوونی ئەو ڕووناكییە ئێمەش لە رێی وێنە و ڤیدیۆوە بینیومانە و باس لەوە دەكرێت رووناكییەكی بەهێز لە ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری بینراوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی گوتی، ئەو جۆرە ڕووناكییە پێشبینی دەكەین سووتانی بەردە نەیزەك بێت و شتێكی زۆر ئاسایییە، نازانرێت ئێستە پاشماوەی ماوە یان نا، بەڵام بوونی ئەو ڕووناكییە بەو جۆرەی باس دەكرێت نەیزەك بووە.

ئاماژەی دا، ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو بووەتەوە كاتەكەی بەڕوونی دیار نییە تەنیا 2018ـەكە دەبینرێت، بەڵام بە شوێنەكەی كە خانووبەرەیە، دیارە عێراقە و یەكێكە لە پارێزگاكانی بەردێكی گەورە دەسووتێت.

ئاسمانی كوردستان دوو ساڵ لەمەوبەر، چەندان شەو لەسەر یەك سووتانی نەیزەكەكان بەشێوەیەكی ئاشكرا لە ئاسمان دەبینرا، هاووڵاتییان بۆ بینینی دەچوونە شوێنەكانی دەرەوەی شار بۆ بینینی.



وشە - رامیار جەواد