یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ناوی سەرجەم كاپتن و راهێنەری هەڵبژاردەكانی جیهانی ئاشكرا كرد كە بەشدارییان لە پڕۆسەی دەنگدانی خەڵاتی باشترینەكانی 2018ی جیهان كردبوو.
یەكەتییەكە دوێنێ دووشەم لە شاری لەندەنی پایەتەختی ئینگلتەڕا ئاهەنگەكەی ئەنجام دا و تێیدا خەڵاتی باشترین یاریزانی 2018ی جیهانی بەخشی بە لوكا مۆدریچی ئەستێرەی كڕواتی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
ماڵپەڕی فیفا ناوی سەرجەم كاپتن و راهێنەری هەڵبژاردەكانی جیهانی ئاشكرا كرد كە لە پڕۆسەی دەنگدانەكەدا بەشداربوو و تێیدا ناوی كاپتن و راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقیشی بڵاو كردەوە.
فیفا ئاشكرای كرد كە محەمەد گاسدی كاپتن و باسم قاسمی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە پڕۆسەكەدا دەنگیان بە یاریزانی عەرەبی محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی نەداوە كە تاكە پاڵێوراوی عەرەب بوو بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە.
جگە لە عێراق بەشی هەرە زۆری كاپتن و راهێنەری هەڵبژاردە عەرەبییەكانی تریش دەنگیان بە تاكە نوێنەرەكەی خۆیان نەداوە.
بەگوێرەی سیستەمی دەنگدانەكە كاپتن و راهێنەرەكان دەیانتوانی دەنگ بە 3 یاریزان بدەن كە دەنگی یەكەمیان بە 5 خاڵ و دەنگی دووەم بە 3 خاڵ و دەنگی سێیەمیش بە خاڵێك هەژمار دەكرا.
ماڵپەڕەكە ئاشكراشی كرد كە دەنگەكانی محەمەد گاسدی كاپتنی هەڵبژاردەی عێراق بەمشێوەیە بووە (كیلیان مباپێ، ئیدین هازارد و لوكا مۆدریچ).
هەروەها دەنگەكانی باسم قاسمی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقیش بەمشێوەیە بووە (ئیدین هازارد، ئەنتوان گریزمان و دی بڕۆین).