به‌هۆى خیانه‌تى 16ـى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردووى باڵێكى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، خه‌ریكه كورد به ته‌واوه‌تى له ناوچه جێناكۆكه‌كان و گونده‌كان بێته سڕینه‌وه. به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" له ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا شۆفڵ دوو گوندى كوردى له‌گه‌ڵ خاك ته‌خت كردووه و كه‌سیش وه‌ڵامی نه‌بووه.
عه‌لى كه‌ریم ڕه‌زا كوردێكى دانیشتووى گوندى دارعین سه‌ربه شاره‌دێی عه‌باسی باشووری كه‌ركووك، ئاشكراى ده‌كات، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه به‌هۆى مه‌ترسى داعش بۆ سه‌ر گونده‌كه‌مان كه چۆڵمان كردبوو، حه‌شدى شه‌عبى شۆفڵى له گونده‌كه‌مان داوه.
ئه‌و هاووڵاتییه بۆ "وشه" گوتى، له مانگى ته‌مووز به‌هۆى مه‌ترسى داعش ئه‌و گونده‌مان چۆڵ كرد، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا له‌لایه‌ن به‌رپرسانى حه‌شدى شعبى پێوه‌ندیمان پێوه كرا ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕیێنه‌وه گونده‌كه‌مان، تێك ده‌درێت و له ڕۆژى 13ـى ئه‌یلوولدا شۆفڵیان لێ داوه.
ئاماژه‌ى دا، "له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه به‌شێك له ماڵه‌كان براوه ئینجا شۆفڵیان لێ داوه، هاوشێوه‌ی سه‌رده‌مى سه‌دام كه گونده‌كانیان تاڵان ده‌كرد و ئینجا شۆفڵیان لێ ده‌دا. ته‌نیا گونده‌كه‌ى ئێمه‌یش نییه، به‌ڵكو گوندى تریش هه‌ن به‌هه‌مانشێوه ڕووخێنراون یان مه‌ترسى ڕووخانیان له‌سه‌ره".
"سكاڵاى هاووڵاتییان به به‌ڵگه‌ى ڤیدیۆیى و پێشێلكارى و ڕێگرییه‌كان دراوه به سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق و وه‌زیرى ناوخۆى عێراق". ئه‌مه‌یان به گوته‌ى ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
ئه‌شواق جاف ئه‌ندامى خولی پێشووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ "وشه" گوتى، ته‌عریبى گونده‌كانى باشوورى كه‌ركووك به‌رده‌وامه، ڕاسته گونده‌كان دێنه رووخان، بۆ ئه‌وه‌ش سكاڵای هاووڵاتى و پێشێلكارییه‌كانى حه‌شدمان داوه‌ته سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و وه‌زیرى ناوخۆ، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكیان نییه".
جاف ئاماژه‌ى دا، پێویسته به‌رپرسان دواى ئه‌و دۆخه‌ى به‌سه‌ر كه‌ركووك هات له 16ـى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ڕابردوو، فریاى هاووڵاتییان و گونده‌كانى كه‌ركووك بكه‌ون، چونكه گونده‌كان ته‌عریب ده‌كرێن و ڕێگریی له خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كرێت، یان له گونده‌كانیان ده‌رده‌كرێن و زه‌وییه‌كانیان ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.
ئاشكراى كرد، "ئه‌وه‌ى هه‌یه له خوارووى كه‌ركووك ته‌عریبَكى ته‌واوه و كه‌س نییه لێى بێته وه‌ڵام، حه‌شدى شه‌عبیش به به‌رنامه ئه‌و كاره ده‌كات و سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقیش ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ریاندا نییه".
16ی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تێكی مێژوویی بوو كه به‌هۆیه‌وه كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان پێشكه‌ش به سوپای عێراق و میلیشیاكانی شیعه كرا، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك بوو هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و ناوچانه به‌ده‌ست كورده‌وه بوون، به‌هۆی هه‌ڵاتنی سوپای عێراق له ترسی داعش.
نزار مه‌حموود ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین گوتی، هیچ گوندێكى كوردنشین له سنوورى سه‌ڵاحه‌دین نه‌ماوه كه دانیشتووانه‌كه‌ى به‌ته‌واوى كورد بێت، چه‌ندان خێزانى عه‌ره‌بیان به زۆر هێناوه‌ته ناو گونده‌كه و به‌شێك له زه‌وییه‌كانیان له كورد سه‌ندووه و به‌وانیان داوه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، بۆ "وشه" ورده‌كاری زیاتری خسته ڕوو، گونده‌كانی عه‌ین شوكر و كیلان و عه‌یدب به‌ته‌واوى به شۆفڵ ڕووخێنراون و ئێسته دانیشتووانه‌كانیان بۆ سنوورى كه‌لار و گه‌رمیان كه‌ركووك ڕۆیشتوون.
ئاماژه‌ى دا، "هیچ كه‌سێك ڕێى پێ نادرێت بچێته ئه‌و شوێنه، به تایبه‌ت گوندى عه‌یدب كه حه‌شد هیچ شوێنه‌وارێكیان نه‌هێشتووه و ئێسته‌یش ده‌یانه‌وێ له نزیك ئه‌و گونده كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ خۆیان دروست بكه‌ن و خێزانه‌كانیان بهێنن بۆ ئه‌وێ و نیشته‌جێ ببن و زه‌ویى كورده‌كانیش بۆ خۆیان به‌كار بهێنن".
لای خۆیه‌وه عه‌لى هاشم چالاكى كورد له سنوورى شاره‌دێی جه‌باره، بۆ "وشه"ی ئاشكرا كرد، له چوار مانگى ڕابردوودا مه‌ترسى له‌سه‌ر كورده‌كانى ئه‌و سنووره زۆر بووه و چه‌ندان گوندیش به‌ناچارى چۆڵ كراون و عه‌ره‌ب هاتوونه‌ته شوێنیان یان شۆفڵیان لێ دراوه.
ئه‌و چالاكه گوتى، كه‌سانێك ده‌ستیان به‌سه‌ر گونده كوردنشینه‌كان گرتووه كه خۆیان به‌ر له 2003 داروده‌سته‌ى سه‌دام بوون و بۆ ڕژێم كاریان ده‌كرد، ئێسته گه‌ڕاونه‌ته‌وه و به‌ناوى حه‌شد سته‌م له هاووڵاتییانى كورد ده‌كه‌ن.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، حزبه كوردییه‌كانى سنوورى كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دینمان ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه، هه‌موویان بێ ده‌سه‌ڵاتیى خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، چووینه باره‌گه‌ى حزبێك و به گاڵته‌وه گوتیان "جا چى بووه وه‌رنه شار و له‌وێ دابنیشن".