چین 375 ملیۆن هەلی كاری رەخساندووە

:: AM:11:18:25/09/2018 ‌

لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا چین توانیویەتی 375 ملیۆن هەلی كار دابین بكات كە ژمارەیەكی سەرنجڕاكێشە و سەرووی 100 هێندەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتانەیە كە سێ ملیۆن هاووڵاتی یان كەمتریان هەیە.

فەرمانگەی ئاماری چین گوتوویەتی دەستكەوتی گەورەی رەخساندنی هەلی كار لە ئاكامی سیاسەتێكی ژیرانەی ئابووری و چاكسازی و كردنەوەی دەرگاكانی بازرگانیی ئازاد بووە.

بەگوێرەی "ئیرنا" ئێستە لە چین 776 ملیۆن هەلی كار هەیە كە بەراورد بە ساڵی 1978  بە رێژەی 93% زیادی كردووە. رێژەی بێكاری لە چین 3.9%ە و لەچاو ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی، رێژەیەكی زۆر كەمە.

تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا چین حەوت ملیۆن و 250 هەزار دەرفەتی كاری دروست كردووە كە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 170 هەزار كەس زیادی كردووە.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری ژمارەی دانیشتووانی چین تا ئەمڕۆ سێشەم 25ی ئەیلوولی 2018، بریتییە لە ملیارێك و 416 ملیۆن و 320 هەزار و 98 كەس.  لە دوای چین، هیندستان دێت كە ژمارەی دانیشتووانی ملیارێك و 357 ملیۆن و 373 هەزار و 830 كەسە.



وشە - سلێمان تاشان