كەشناسی: گەورەترین تۆپەڵی ئاگرین لە ئاسمانی كوردستانە

:: PM:01:10:25/09/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پشتڕاستی هەواڵێكی ئەمڕۆی ماڵپەڕی "وشە" دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات گەورەترین تۆپەڵە ئاگرین بووە لە ئاسمانی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزانی هەرێمی كوردستان هاتووە، گەورەترین دیاردەی (تۆپەڵەی ئاگرینی – Fireball) لە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا بینرا.

لە بەشێكی ڕاگەیەنداروەكە ئاماژە دراوە، ئەو وێناوەی شەوی ڕابردوو تۆمار كراون گرتەی فۆتۆیی وەرگیراو لە كامیرای چاودێری بازگەی (بەنداوی دەربەندیخان) بۆ (تۆپەڵەی ئاگرینی – Fireball) ی دوێنێ شەو بووە كە كاتی دەركەوتنەكەی سەعات سێ‌ و  56 دەقە بووە.

ئەمڕۆ لە لێدوانێكی ئەژی چەتۆ بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوونی ئەو ڕووناكییە ئێمەش لە رێی وێنە و ڤیدیۆوە بینیومانە و باس لەوە دەكرێت رووناكییەكی بەهێز لە ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری بینراوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی گوتی، ئەو جۆرە ڕووناكییە پێشبینی دەكەین سووتانی بەردە نەیزەك بێت و شتێكی زۆر ئاسایییە، نازانرێت ئێستە پاشماوەی ماوە یان نا، بەڵام بوونی ئەو ڕووناكییە بەو جۆرەی باس دەكرێت نەیزەك بووە.



وشە - رامیار جەواد