گەرمیان.. دەیان كادری هاوپەیمانی چوونە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان

:: PM:03:09:25/09/2018 ‌
لە كەلار دەیان بەرپرس و ئەندامی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێوەندیان بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرد.
 
كارگێری لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ دەیان كەس لە بەرپرس و رێكخستنەكانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێوەندیان بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرد. هاوكات بەرپرسی ئافرەتانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت، سیاسیەتی پارتی و بارزانی بەراست دەزانین.
 
شوان محەمەد رۆستەم كارگێڕی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ی  راگەیاند، ئەمڕۆ 25ی ئەیلوولی 2018 كە هاوكاتە بە تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان، لە بارەگای لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیمان كرد لە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادوپەروەری كە سەرجەمیان بەڵێنیان دووپات كردەوە لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان درێژە بەخەباتی خۆیان دەدەن.
 
زیاتر گوتی، ئەو ئەندامانەی هاوپەیمانی بەڵێنیان دووپات كردەوە كە دوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوان بەپێویستیان زانیوە پێوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بكەن.
 
هاوكات شەریفە مەحموود ساڵح بەرپرسی ئافرەتانی ئەنجوومەنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ڕای گەیاند، بە دەیان هاودیدیان كە ژمارەیان لە 200 كەس زیاترە پێوەندیان بە پارتی دیموكرانی كوردستانەوە كردووە.
 
بەرپرسەكەی هاوپەیمانی بۆ "وشە" گوتی، بڕیارمانداوە بچینە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە سیاسیەتی پارتی و تێروانینەكانی سەرۆك بارزانی بە گرنگ و راست دەزانین.

 هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە هەڵبژاردنی ڕابردووەوە لەلایەن بەرهەم ساڵح دروست كرا، بەڵام بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح گەڕایەوە ناو یەكێتی و بەو هۆیەوە هاودیدەكانی دەچنە ریزی پارتی دیموكراتی كوردستان.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی
 
 
   



وشە - سه‌رخێڵ هاشم