قاعیدە و داعش دەبنە بەردی شەترەنجی یاری وڵاتان

:: PM:05:52:25/09/2018 ‌

لە ساڵانی دواییدا هەردوو رێكخراوی قاعیدە و داعش زۆر بە زەقی دەركەوتن و ئەوان توانیان ببنە دوژمنێكی سەرسەختی هەموو گەل و وڵاتانی دنیا كە بە هەموو توانای سەربازی و هەواڵگرییەوە رووبەڕوویان بوونەوە و نوێترین تەكنۆلۆجیا و چەكیان لەدژ بەكار هێنان، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش ئەو دوو رێكخراوە بە مۆدێلە جیاوازەكانیان لەسەر ئاستی دنیا هەر ماون و ناوە ناوە لێرە و لەوێ هێرشی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەوان بۆچی لەناو ناچن و چالاكییەكانیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازنەوە؟.

سەنتەری "نیو ئەمەریكا"لە واشنتن لەبارەی بوونی پێوەندیی هاریكاری لە ئێران و رێكخراوی قاعیدەی لە ماوەی ساڵانی رابردوو بڵاوی كردەوە و ئەو پێوەندییە لە رێگەی داننانی ئەبی محەمەد عەدنانی، گوتەبێژی پێشووی رێكخراوی داعش لە 2014 لە پەیامێكی دەنگی ئاراستەكراو بۆ ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی رێكخراوی قاعیدە ئاشكرا بوو.

عەدنانی لە پەیامەكەیدا دەڵێت، ئەمیرەكانی قاعیدە رێگەیان لە لقی رێكخراوەكە لە عێراق لە وەشاندنی گورز لە بەرژەوەندییەكانی ئێران گرتووە، ئەوەیش بەهۆی بەرژەوەندییەكانی رێكخراوەكە لەگەڵ ئێران و پاراستنی بەرژەوەندی و هێڵەكانی پاڵپشتی لە ئێرانەوەیە، بۆیە ئەمیرەكان بەپێی ئەو فەرمانە پێوەی پابەند بوون كە عەدنانی وای دەبینی قاعیدە قەرزێكی گەورەی بەسەر ئێرانەوە هەیە و ئەو داننانەی عەدنانی گورزێكی گەورەی لە قاعیدە وەشاند كە ساڵانێكە هەوڵی شاردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئێران دەدات. 

ئەیمەن زەواهیری سەركردەی نوێی قاعیدە، لە 1994 لە لێدوانێكی لەبارەی پاڵپشتیكردنی ئێران بۆیان دەڵێ، درۆ و بوختان هەڵبەستنە و هەڵوێستمان روون لە بەرانبەر ئێران. بەڵام وا رۆژگار رۆیشت و سووڕا و دەركەوت كە قاعیدە پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە كە دوای ئاشكراكردنی لەلایەن گوتەبێژی داعشەوە، زەواهیری نەیتوانی رەتی بكاتەوە. 

راپۆرتێكی شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە دەكا كە سەرانی قاعیدە لەناو ئێران زیاتر دەسترۆیشتوون و تاران و ئەیمەن زەواهیری دەست لە رووداوەكانی سووریا وەردەدەن بەتایبەتی لە ئیدلب. بۆیە تا ئەو كاتەی ئێران كارتی یارییەكەی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەی بەدەستەوە بێ، توانای سەپاندنی مەرجەكانی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سووریا هەیە.

سەرەتای ئەمساڵ رۆژنامەیەكی بەریتانیایی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و باسی ئەوە دەكا كە ئێران پلان بۆ زیندووكردنەوەی رێكخراوی قاعیدە لە منداڵدانی رێكخراوی داعش دادەنێت، ئەوەیش لە رێگەی هاوئاهەنگی لە نێوان تاران و فەرماندە سەربازییەكانی قاعیدە كە بۆ رێكخستنەوەی پاشماوەی چەكدارانی داعش و دامەزراندنی رێكخراوی نوێی قاعیدە بە هاوشێوەی فەیلەقی قودس و حزبوڵای لبنانییەوە، بەرەو دیمەشق چوونە.  

لای خۆیەوە لە دوای هێرشەكەی سەر نمایشێكی سەربازی ئێران لە شاری ئەهواز كە بووە هۆی كوژرانی 29 كەس و برینداربوونی زیاتر لە 60 كەسی تر، ئەگەرچی رێكخراوی داعش بەرپرسیارەتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند، بەڵام ئێران بزاوێكی رزگاریخوازی ئەهوازی بە پاڵپشتی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە كەنداو بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كرد، وەلید تەباتەبائی، پەرلەمانتاری كوێتی لەو بارەوە لە تویتێكدا نووسیویەتی، هێرشەكەی ئەهواز ئەگەری زۆرە لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە پلانی بۆ داڕێژراو بێت، ئەوەیش بۆ بەرژەوەندی رژێمی ئێران، بۆ نموونە بەمەبەستی تۆمەتباركردنی سعوودیە و وڵاتانی تریش و سەرقاڵكردنی ئێرانییەكان لە دۆخی خراپی ناوخۆی ئەو وڵاتە. دووپاتی كردەوە، ئێران كانگەی تیرۆرە لە ناوچەكە و هەموو گرووپە توندڕۆكانی وەك قاعیدە و داعش لە ئامێزی ئێرانن و داڵدەیان دەدات.  

لەلایەكی تر راپۆرتێكی ئەمەریكایی وریایی دا لە كۆنترۆڵكردنی شەش وڵاتی ئەفریقیایی لەلایەن رێكخراوە تیرۆریستییەكانی بۆكۆ حەرام كە بەیعەتی داوەتە داعش و رێكخراوی قاعیدەوە، لەو بارەوە سەركردایەتی سەربازی ئەمەریكا لە ئەفریقیا (ئەفریكیۆم) لە راپۆرتێكی دەڵێت، پێشبینی دەكرێت كە رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك بۆكۆ حەرام و داعش و قاعیدە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی چەند وڵاتێك لە ئەفریقیای ناوەڕاست بدەن، بەتایبەتی لیبیا و چاد و نەیجەر و نایجیریا و سەنیگال و مالی و ئەو كات دۆخی ئەوان تەواو دەشێوێت. 

لای خۆیەوە گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"ی ئەمەریكای وتارێكی مارسا كرینشۆ تایبەتمەند لە لێكۆڵینەوەكانی تیرۆر و مامۆستا لە زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی ستانفۆردی ئەمەریكایی بڵاو كردووەتەوە كە لە بەشێكیدا چارەسەری یەدەگ جیا لە چارەسەری سەربازی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ رێكخراوەكانی قاعیدە و داعش لە سەرانسەری دنیا دەخاتە روو و دەڵێت، دۆڕانی داعش و قاعیدە لە سووریا و عێراق مانای كۆتاهاتنی تیرۆر و توندڕۆیی نییە، چونكە داعش بەڵێنی بەردەوامبوونی چالاكییەكانی و هێرشكردنە سەر رۆژئاوای داوە، هەروەها رێكخراوی قاعیدە دووبارە سوود لە لاولزبوونی داعشەوە دەبینن. 

لای خۆیەوە ویسڵی كلارك، جەنەڕاڵی ئەمەریكایی خانەنشین لەبارەی رووداوەكانی 11ی سێپتێمبەردا دەڵێت، دوای تەنیا نۆ رۆژ لە رووداوی 11ی سێپتێمبەری 2001، ئیدارەی جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی ئەو كاتی ئەمەریكا بڕیاری دا بە بۆردومانكردنی حەوت دەوڵەت لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەوانیش هەریەك لە عێراق و سووریا و لبنان لیبیا و سۆماڵ و سوودان و ئێرانن.

وەك ماڵپەڕی "نیوز وایەر" بڵاوی كردووەتەوە كە هەموو ئەو وڵاتانە دووچاری هێرشی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی ئەمەریكا هاتوونەتەوە و هەر هەمووشیان لەناو لیستی سزاكان و قەدەغەی گەشتكردنی هاووڵاتییانیانن بۆ ئەمەریكا بەبڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا.

چاودێر بۆ چالاكی و رووداوەكانی دەورەبەری ئەو رێكخراوە تیرۆریستیانە دەزانێت كە جیا لە ئایدۆلۆجیا و شێوازی توندڕۆیی ئەو رێكخراوانە، ئاراستەكردنێك بۆ سەران و ئەمیرەكانی ناو قاعیدە و داعش هەن كە زۆر جار ئاراستەی هێرشەكانی ئەوانیان بە شێوەیەكی جیاواز لە رەوتی ئەوانەوە گۆڕیوە، وەك هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان و شنگال.

هەروەها ئەو زانیارییانەی باس لە بوونی سەرانی سەر بە هەواڵگریی رووسیا و سعوودیە و قەتەر و توركیا لەناو ئەو رێكخراوانە دەكەن بۆ ئاراستەكردنیان بەو شێوەی دەیانەوێت، كە ئەوەیش جۆرێكی تری جەنگی بەوەكالەتی ئەو وڵاتانەیە تەواو وەك ئەوەی لە سووریا هەیە، جیا لە هەڕەشەكانی سعوودیە بۆ گواستەوەی جەنگەكە بۆ ناو قوڵایی ئێران، هەروەها ئەمەریكا و رۆژئاوا توانوویانە ئەو توندڕۆیانە لە خاكی خۆیان دوور بخەنەوە و بازاڕی چەكی ئەوان گەرمتر بێت و وەك لایەنی مرۆڤدۆست و پاڵپشتیكاری ئاوەدانكردنەوە دەربكەون و لە دوورەوە كۆنترۆڵی دۆخەكە و كۆتایی رووداوكان بكەن و ئیدارەی بدەن.









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل