ژنانی كاركەر رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە

:: PM:12:33:14/12/2016 ‌

ژنانی كاركەر لە هەرێمی كوردستاندا، رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە، هەندێك لە ژنان دووپاتی دەكەنەوە كە زیاتر لە كەرتی تایبەتدا رووبەڕووی ئەو حاڵەتە دەبنەوە، بەڵام بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەڵێن، گێچەڵی سێكسی كەمتر بووەتەوە.

پەیمان عەبدی ناوی خوازراوی یەكێك لەو ژنانەیە لە میانەی كارەكانی رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی بووەتەوە و بەو هۆیەوە چەند شوێنكارێكی جێهێشتووە.پەیمان پێشتر وەك پەیامنێر كاری لە دەزگەكانی راگەیاندن كردووە، ئەو بە"وشە" دەڵێ‌، "زۆرترین ئەو ژنانەی رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە، ئەوانەن لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، من هەر خۆم لەو دەزگەیەی كارم دەكرد، رووبەڕووی گێچەڵی سێكسی بوومەوە و بڕیارمدا وازی لێبێنم".

پەیمان ئاماژە بەوە دەكات كە بە ئەزموونی كاركردنی خۆی لە دامەزراوە جیاجیاكانی كەرتی تایبەتدا، بۆی دەركەوتووە ئەو بەرپرس و خاوەنكارانەی گێچەڵی سێكسی بە كارمەندە ژنەكان دەكەن، بەردەوام بەرامبەر بەو ژنانەی خۆیان بەدەستەوە نەدەن، تۆمەتی كۆنەپارێز و داخراو و ناهۆشیارییان دەخەنە پاڵ، بەوەش جارێكی تر لە كەسایەتییان دەدەن.



ڕێباز زێوەر مستەفا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئافرەتان دەتوانن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی و نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، سكاڵای خۆیان بەرامبەر بە هەر پێشێلكارییەك بەرز بكەنەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەولێر، لە 10 مانگی ئەمساڵ 2016دا 12 حاڵەتی گێچەڵی سێكسی دژ بە ژنان تۆمار كرداوە، بەڵام ئەو ژمارەیە تەنیا ئەو ئافرەتانە دەگرێتەوە كە سكاڵایان تۆمار كردووە و وەك توێژەرانی كۆمەڵایەتیش دەڵێن، رێژەیەكی زۆر كەم لە ئافرەتان سكاڵا تۆمار دەكەن یان پەنا بۆ پۆلیس دەبەن.

هەرچەند بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماژە بەوە دەكەن كە توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو ئاستەكانیدا داكشانی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام چالاكانی مەدەنی و توێژەرانی كۆمەڵایەتی بە پێچەوانەوە بیر دەكەنەوە.

سامان سیوەیلی توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "گێچەڵی سێكسی لەم چەند ساڵەی رابردوودا خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، ئەویش بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووان، دروستبوونی فشار و پاڵەپەستۆی دەروونی بەهۆی تەنگژەكانەوە".



سیوەیلی زیاتر دەڵێ‌، "گێچەڵی سێكسی بەرامبەر بە ژنان، تەشەنەی كردووە، زیاتر دەركەوتنی ژنان لە كەرتی تایبەت و گشتیدا زەوینەی رەخساندووە، گێچەڵ زیاتر لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتووی فەرمانگە و دامەزراوەكانەوە رووبەڕووی ژنان دەكرێتەوە".

كوردە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدژ بە ژنان لە كوردستان بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان بەگشتی كەمیی كردووە، لەو نێوەندەدا دەستدرێژی سێكسی بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە كورتی داوە".

لەگەڵ ئەوەشدا وەك توێژەرە كۆمەڵایەتییەكە ئاماژەی بۆ دەكات، حاڵەتەكانی گێچەڵی سێكسی بەوردی بەدواداچوونیان بۆ نەكراوە و تۆماركراو نین، لەكاتێكدا زۆرینەی ژنان لە بەرامبەر گێچەڵی سێكسی، ئامادەنین روو لە دادگە بكەن، چونكە بەهۆی داوونەریتی زاڵی كۆمەڵایەتییەوە، هەست دەكەن كێشەكانیان زەقتر دەبنەوە.

وشە/هەولێر-سەروین شێخانی


وشە - تایبه‌ت