وێنەیەكی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كاردانەوەی لێ دەكەوێتەوە بەتایبەت كە لە وێنەكەدا خاوەن پێداویستییەكی تایبەت لەگەڵی دەركەوتووە.
وێنەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاو بووەتەوە و بە جۆرێكە كە قوباد تاڵەبانی وێنەی لەگەڵ كەسێكی خاوەن پێداویستی تایبەت گرتووە، بەڵام كەسەكە هێشتا لەسەر جۆرێك عارەبانەیە كە مۆدێلی نەماوە و تا ئێستە خاوەن پێداویستییەكە بە دەست لێدەخوڕێت لەكاتێكدا ئێستە عارەبانەی كارەبای هەیە. خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر وێنەكەیان نووسیوە، پێویست بوو قوباد تاڵەبانی عارەبانەیەكی كارەبای بۆ ئەو كەسە دابین بكات نەك وێنەی لەگەڵ بگرێت.
هاوكات حاجی كاروان بانگخواز و ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك بە تەنزەوە نووسیویەتی، زەحمەت نەبێ كاك قوباد ناونیشانی ئەو پیاوە بەڕێزەم بدێ تا كورسییەكی كارەبایی بۆ بكڕم.
حاجی كاروان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە، جەنابی قوباد، دەزانی من لەماوەی ئەم دوو مانگە 15 كورسی كارەبایم بۆ خاوەن پێداویستی كڕیوە یەكی بە 800 دۆلار، زەحمەت نەبێ ناونیشانی ئەو پیاوە بەڕێزەم بدێ تا كورسییەكی كارەبای بۆ بكڕم و ڕەسمشی لەگەڵ ناگرم، چاوەڕێتم.
هاوكات بەشێكی تر لە هاووڵاتییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێیان وایە كە سەرۆكی لیستی یەكێتی هەست بە ئازاری ئەو خاوەن پێداویستیی تایبەتە ناكات.