هه‌ردوو گۆرانیبێژی لاوی تازه پێگه‌یشتوو "ئه‌فشین شوكری" و "سروود ساڵه‌یی" بڕیاره به‌منزیكانه دوێتێك به ناوی " له‌بیرت ناكه‌م" بڵاو بكه‌نه‌وه.
ئه‌فشین شوكری له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام نووسیویه‌تی: " به‌منزیكانه كارێكی نوێی له‌گه‌ڵ سروود ساڵه‌یی ده‌بێت".
به‌پێی زانیارییه‌كانى "وشه" میلۆدیی گۆرانییه‌كه له‌لایه‌ن گۆرانیبێژ "ئه‌فشین شوكری" خۆی ئاماده‌ی كردووه و هۆنراوه‌كه‌ی ڤاڵان كه‌مال نووسراوه، ئه‌ڕێنجی ئه‌فشین شوكری خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ به‌هزاد موته‌لیبی، له به‌رهه‌می میترۆنۆم پڕۆداكشنه.
ئه‌فشین شوكری له شاری مهابادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كاری هونه‌ری ده‌كات و وه‌ك گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر ده‌ركه‌وتووه، به زمانی كوردی و فارسی و توركی گۆرانی هه‌یه و جگه له‌وه‌یش دوێتی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی جیاوازدا كردووه و خاوه‌نی چه‌ندان گۆرانی و ڤیدیۆ كلیپه، ئاوازی بۆ زۆرێك له هونه‌رمه‌نده‌كان داناوه.
سروود ساڵه‌یی ساڵی 1998 له شاری به‌غدا له‌دایكبووه و خه‌ڵكی شاری خانه‌قینه، ده‌رچووی به‌شی میوزیكه له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كان، ماوه‌یه‌كه ده‌ستی به كاری هونه‌ری كردووه و چه‌ند گۆرانییه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه، هاوسه‌رگیری كردووه و ئێسته له كه‌نه‌دا ده‌ژیت.