بۆچی پووتین بە ئێس-300 وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە؟

:: PM:09:38:25/09/2018 ‌

ڤلادیمێر پووتین دوودڵی ناكات لە سوودوەرگرتن لەو هەلە هەڕەمەكیانەی بۆ دەرەخسێن بۆ ئەوەی گۆڵێك بكات كە ماوەیەكی درێژە هەوڵی بۆ دەدات، چاودێران وا سەیری راگەیاندنی مۆسكۆ دەكەن بۆ پێدانی سیستەمی مووشەكی بەرگری ئاسمانی (ئێس-300) بە سووریا، ئەوەیش لە دوای چەند رۆژێك لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی رووسیایی لە جۆری (ئیل-20) بەسەر لێواراوەكانی پارێزگای لازقییەی سووریا لەلایەن مووشەكەكانی سوپای سووریا، ئەو رووداوەی رووسیا تەواوی بەرپرسیارەتییەكەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل.   

بە كردەنی فڕۆكەكەی رووسیا لەلایەن بەرگری ئاسمانی سووریا بە هەڵە خستراوەتە خوارەوە، كاتێك موشەكانیان ئاراستەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل دەكرد كە هێرشێكی ئاسمانیان لەدژی ئامانجەكانی سووریا ئەنجام دەدا، بۆیە دەبوایە رووسیا بەرپرسیارەتییەكەی بخستبایە ئەستۆی سووریا، بەڵام رووسیا تەواوی بەرپرسیارەتییەكەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل. چاودێران پێیان وایە بەو هەنگاوە پووتین گولەیەكی بەو هاوئاهەنگییەی نێوان خۆی و ئیسرائیلەوە نا لەبارەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە سووریا، بۆیەیش بڕیاری پێدانی سیستەمی پێشكەوتووی بەرگری مووشەكی (ئێس-300)ی بە سووریا دا.

رووسییەكان ئەو هەنگاوەیان وەك تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دادەنێن بەوەی تەلئەبیب بەر لە هێرشەكەیان ئاگەداری رووسیایان نەكردووە تەنیا بەر لە خولەكێك نەبێت، تەنانەت زانیارییە دروستەكانیشیان لەبارەی ئامانجی هێرشەكە بەوان نەداوە وەك ئەوەی لەسەری رێككەوتوون، بۆ ئەوەی فڕۆكەكەی خۆیان لەو ناوچەیە دوور بخەنەوە كە بووە هۆی كوژرانی 15 سەربازی رووسیایی.

پوختەكەی بۆ دووەم جارە پووتین رووداوەكان لەبەرچاوی دنیا دەقۆزێتەوە و خۆی وەك ستەملێكراو پێشان دەدات، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەكی هێزی دوورخایەن بەسەر گۆڕەپانی سورویا بسەپێنێت، ئەوەیش دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی رووسیایی لەلایەن دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا لە تشرینی دووەمی 2015 لەسەر سنوورەكانی سووریا و ئەو كات پووتین بڕیاری بڵاوكردنەوەی سیستەمی مووشەكی پێشكەوتووی (ئێس-400)ی لە بنكەی ئاسمانی حمەیمیم لە سووریا دا. 

ئەوەی لە نێوان هەردوو رووداوەكە جیاوازە ئەو كات رووسیا بەڵێنی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا دا بەوەی بڵاوكردنەوەی ئەو سیستەمە مووشەكییە كار نەكاتە سەر جموجۆڵی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە سووریا و هاوئاهەنگی نێوانیان لەو بارەوە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوەی ئێستە پێ ناچێت چیتر مۆسكۆ لە هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوام بێت، چونكە ئەو بە رووسیای گوتبوو كە سیستەمی (ئێس-300) بە سووریا نەدات.

پێدانی ئەو سیستەمە مووشەكییە بە سووریا چەندان مانای هەیە لەوانە:

*رووسیا بوونی سەربازییانەی خۆی لە سووریا تۆكمەتر دەكات و ئەو مووشەكە لە تەواوی خاكی سووریا بڵاو دەكاتەوە دوای ئەوەی تەنیا لە بنكەی حمەیمیم هەیبوو.
*بوونی ئەو سیستەمە پێویست بە شارەزایانی رووسیایی دەكات بۆ بەكارخستن و راهێنانی سووریاییەكان لەسەر بەكارهێنانی، ئەوەیش ماوەیەكی دوورودرێژی پێویستە.
*پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی بۆردومانكردنی ئەو سیستەمی كردبوو ئەگەر بە سووریا بدرێت، بەڵام ئێستە كە بووە بڕیار و خواستێكی رووسیا دەتوانێت ئەو كارە بكات؟، جیا لەوەی بە لێدانیان شارەزایانی رووسیا دەكاتە ئامانج. 
*ماوەیەكی پووتین ئەو سیناریۆیەی دەویست، چونكە ئەو لە 2010ەوە دەیویست ئەو سیستەمە بە سووریا بدات، بەڵام بەهۆی رەتكردنەوەی ئیسرائیل نەیكرد، بۆیە رووداوەكە هەلێكی باشی بۆ ئەو كارە رەخساند.  
*بڕیارەكەی رووسیا مۆڵەتێكی رووسیایە بە ئەسەد بۆ بەرگریكردن لە ئاسمانەكەی لەدژی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل.
*مانای ئەوەیە كە رووسیا وای دەبینێت زیاتر رێگە بە قرتاندنی نینۆكەكانی ئێران لە سووریا نادات و ئەو هێرشانەی ماوەی رابردوو بۆ ئەو مەبەستە بەسە.
*چاودێران پێیان وایە رووسیا رێگەی داوە بە ئیسرائیل بۆ بۆردومانكردنی ئامانجە گرنگەكانی ئێران لە سووریا و ئەوانەیشی ماون هی سووریان و چیتر مۆسكۆ نایەوێت زیان بە ژێرخانی سەربازی سووریا بگات.
*چاودێران پێیان وایە كە ئێران بە تەواوەتی بە جۆلان پاشەكشەی كردووە كە هێڵی سوور بوو بۆ ئیسرائیل و ئێستەیش پاساوەكانی ئیسرائیل بۆ دەستوەردانی سەربازی لە سووریا لەبەر ئەو هۆیە نەماوە.
*رووسیا هەستی بەوە كردووە كە هێرشەكانی ئیسرئیل خەریكە رژێمی سووریا دەكەنە ئامانج و ئەوەیش لە دەرەوەی لێكگەیشتنی مۆسكۆ و تەلئەبیبە بە كردنەئامانجی ئامانجەكانی ئێران و حزبوڵای لبنانی بەتەنیا و لەوە زیاتر بۆ بەرژەوەندی ئەمەریكا دەشكێتەوە.
*نەبوونی هاوئاهەنگی لە رووداوەكە گومانی لای رووسییەكان زیاد كرد لە رێككەوتننیان، بۆیە ئیسرائیل روونكردنەوە و زانیاری زیاتری لەبارەی هێرشەكە دایە مۆسكۆ، بەڵام قەناعەتی نەكرد.
*تەریب لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە، پووتین سوور دەبێت لەسەر پێشێل نەكردنی ئێرانییەكان بۆ هێڵە سوورەكان لە سووریا بۆ ئەوەی خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل بپارێزێت كە ئەو بابەتە بۆ ئەو زۆر هەستیارە و ئامادەیە لەو پێناوەدا رووبەڕووی (ئێس-400)یش بێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل