ئەمڕۆ سڤیلییە لە ریال مەدرید دەباتەوە

:: AM:09:53:26/09/2018 ‌

ریڤالدۆی ئەفسانەی پێشووی بەڕازیلی بۆچوونی خۆی لەبارەی یارییە زەحمەتەكەی ئەمڕۆی نێوان ریال مەدرید و سڤیلییە خستەڕوو و تێیدا جەختی كردەوە كە یانەی شاهانە لە یارییەكەدا شكست دەخوات.

ئەمڕۆ چوارشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی شەشەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانچێز پیزخوان دەبێتە مێوانی یانەی سڤیلییە.

لەبارەی یارییەكە ریڤالدۆ رایگەیاند: ریال مەدرید لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەرامبەر سڤیلییە رووبەڕووی زەحمەتییەكی زۆر دەبێتەوە، چونكە یانەی خاوەن یاریگە هەلی زیاتری هەیە بەیەكسانبوون یاخود سەركەوتن لەنێو یاریگە بێتە دەرەوە بەتایبەت كە یارییەكە لەنێو یاریگە و جامەوەری خۆی بەڕێوەدەچێت.

زیاتر گوتی: هاندەرانی یانەی سڤیلییە لەنێو یاریگەی پیزخوان پاڵەپەستۆیەكی گەورە دەخەنە سەر رامۆس، بەڵام ئەم بەرگریكارە گەورە بە شارەزایی و ئاستبەرزی خۆی دەتوانێ رووبەڕووی ئەم پاڵەپەستۆیە ببێتەوە.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 13 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری، لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت، یانەی سڤیلییەش بە 7 خاڵ لە ریزبەندی 9ی یانەكان دێت.

هەردوو یانەكە لە یاریی رابردوویاندا سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، یانەی سڤیلییە بە ئەنجامێكی گەورە و بە 2-6 گۆڵ لە یانەی لیڤانتی بردۆتەوە و یانەی ریال مەدریدیش بە تاكە گۆڵێك لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یانەی ئیسپانیۆڵی بردبووەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م