بزانە میسی بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق یاری دەكات؟

:: AM:10:54:26/09/2018 ‌

لیۆنێل سكالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوایین زانیاری لەبارەی گەڕانەوەی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی تیپەكەی ئاشكرا كرد بەتایبەتیش لە یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق.

میسی /31 ساڵ/ دوای شكستە گەورەكەیان لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا بڕیاریدابوو بەشێوەی كاتی و تا كۆتایی ئەمساڵ واز لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بێنێ، بەو هۆیەشەوە بەشداری لە هەردوو یاریی رابردووی هەڵبژاردەكە بەرامبەر هەڵبژاردەكانی گواتیمالا و كۆڵۆمبیای نەكرد كە لەم مانگەدا بەڕێوەچوون.

سكالۆنی لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كۆواری (فۆڕ فۆڕ تو)ی ئینگلیزی رایگەیاند: لەگەل میسی بەتەلەفۆن قسەم كردووە و هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی باشترە جارێ بەشداری یارییەكانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەكاتەوە.

زیاتر گوتی: ئێستا لە قۆناغێكی جیاواز و هەستیارداین و پێویستە یاریزانە لاو و نوێیەكان بەهای پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بزانن و دووبارە هەڵبژاردەكە بەشێوەیەكی باش و تۆكمە رێك بخەینەوە.

ئەم لێدوانەی سكالۆنی ئەوە دەگەیەنێ كە میسی لە یارییە هەڤاڵینییەكانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر هەڵبژاردەكانی سعوودییە و عێراق و بەڕازیل یاری ناكات كە بڕیارە دوای ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە وڵاتی سعوودییە ئەنجام بدرێن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م